رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ یەکهەڵوێستین لە بەغدا، بە ئامانجی بۆ دەستخستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش دەیانەوێت پێکەوە کار بکەن و کاری هاوبەش بکەن. رەوتی هەڵوێست کاری لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی پێ باشترە و کۆمەڵی دادگەریش هێشتا بڕیاری نەداوە.
لە دیبەیتێکدا لە کاژێری 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، هەر یەکە لە ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شوان رابەر ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری، د. رێبوار کەریم، بەربژێری سەرکەوتووی رەوتی هەڵوێست بەشداربوون باس لە کاری پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان و هەنگاوی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کرا.
ئەنجام و ئاڵنگارییەکانی دوای هەڵبژاردن
پارتی و یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە دەڵێن براوەن، ئاری نانەکەلی، گوتی: "چاڵێنجێکی گەورەی یەک ملیۆنیمان بردەوە، سوپاسی دەنگدەران دەکەین جارێکی دیکە متمانەیان بە پارتی دایەوە، ئەوە دەنگی راستی و حەقیقی پارتییە''.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "خەڵکی دەرەوەی پارتی دەنگیان بە پارتی داوە لەم هەڵبژاردنە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان هۆکاری سەرکەوتنی پارتییە و قەت پارتی لە هەڵبژاردن نەدۆڕاوە".
هەروەها لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە دیبەیتەکەدا دەڵێت: "یەکێتی لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتووە بووە". پێی وایە ئێستا کاتی چارەسەرکردنی 'گرفتەکانی هەرێمی کوردستان'ـە
لوقمان وەردی دەڵێت: "یەکێتی هەمیشە جەختی کردووەتەوە قووڵایی ستراتیجی بەغدایە، دەبێت لە بەغدا یەكڕیز بین بەتایبەت ئەو لایانانەی کورسییان لە بەغدا بەدەستهێناوە".
کۆمەڵی دادگەری بۆچوونێکی جیاوازی هەیەو پێیوایە هەوڵێک هەیە بۆ لە قاڵبدانی حیزبەکەیان، ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: "گوشاری زۆر هەبووە لەسەر دەنگدەران و هەوڵێک هەیە دژمان و رێگریمان لێکراوە بۆ ئەوەی نەتوانین وەک پێویست دەربکەوین و کێشەمان بۆ دروستکراوە".
شوان رابەر، هۆکاری گوشارەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی: "گوتاری کۆمەڵ بە دڵی بەشێکی لایەنەکان نییە و دەیانەوێت جۆرێک لە جۆرەکان کۆمەڵ لە قاڵب بدەن یان دووری بخەنەوە".
رەوتی هەڵوێست یەکەم بەشدارییان بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان توانییان پێنج کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام بەربژێرێکی سەرکەتووییان دەڵێت: "چاوەڕوانی کورسی زیاتر بووین".
د. رێبوار کەریم، سەبارەت بە دەنگەکانی رەوتەکەیان رایگەیاند: "ساختەکاری نا، بەڵام پێشێلکاری کراوە و لە نێو هێزە ئەمنییەکان دەنگی پووچەڵ زۆرە و ئەوەش پەیوەندی بە نەزانینی دەنگدانەوە نییە و بەڵکو دەرخەری گوشارێکی گەورەیە".
بەغدا و کاری پێکەوەیی
هەرچەندە پارتی و یەکێتی داوا دەکەن لایەنەکان لە بەغدا یەکڕیز و یەک سەنگەربن بەڵام رەوتی هەڵوێست دەڵێن پێشنیازێکیان داوەتە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بۆ کاری پێکەوەیی. د. رێبوار کەریم، دەڵێت: تێڕوانینی ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لێکنزیکەوە کاری پێکەوەییمان ئاسانترە: "قسەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنمان یەک قسەیە وفێڵ لە دەنگدەرانمان ناکەین، سەنگەر لە کەس ناگرین و بەرنامە و کاری خۆمان جێبەجێ دەکەین".
ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی رەوتی هەڵوێست جەختی کردەوە: "ئەزموونی پێشوو لە کارکردن لەگەڵ پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو نەبووە، بۆ کارکردنیش لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئاماژەی ئەرێنیمان وەرگرتووە".
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لە دیبەیتەکەدا رایگەیاند: "ئەگەر کورد یەکڕیز نەبێت زیانی لەبەغدا بەردەکەوێت و پێشتر لە ئەنجامی ناتەبایی کورد زیانمان بەرکەوتووە".
لەبارەی یەکڕیزی لایەنەکان لە بەغدا، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایگەیاند: "بنەمای دروستبوونەوەی عێراق لەسەر سێ بنەما بووە، هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بووە، هەر ئەوەش دروشمی پارتی بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆیە کە دەچینە بەغدا دەبێت یەک دەست و یەکڕیز بین".
کۆمەڵی دادگەری لەبارەی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هەڵوێستەکانی هێشتا بڕیاری نەداوە و شوان رابەر، لە دیبەیتەکەدا گوتی، سەرکردایەتیی کۆمەڵ کۆدەبێتەوە و دواتر بڕیار دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ