رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناڕەزایی بەشێکی شۆفێرانەوە، دوای 10 رۆژ لە داخستنی دەروازەی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕووی بازرگانیدا، شۆفێرێک دەڵێت، "کێشەکەیان چارەسەر کراوە و ئەمڕۆ دەست بەکار دەکەنەوە."
رزگار عەلی، یەکێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی شوشمێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ لایەنی بەرامبەریاندا کە کۆمەڵێک شۆفێری دیکە بوون رێککەوتوون و ئەمڕۆ چوارشەممە 13-12-2023 دەروازەکە بەڕووی بازرگانیدا دەکرێتەوە.
لە دەروازەی شوشمێ دوو جۆر بارهەڵگر کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە؛ ئۆتۆمبێلی بەشێکیان پێیدەگوترێت تاک و بەشەکەی دیکە سکس. ئەوانەی تاکن توانای هەڵگرتنی 10 تۆن کاڵایان هەیە، بەڵام ئەوانەی سکسن توانای هەڵگرتنی 17 تۆنیان هەیە، کێشەی دەروازەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە بە نووسراوێک بڕیار درابوو 25 ئۆتۆمبێلی سکس بخرێنە سەر هێڵی بارهەڵگرە تاکەکان.
رزگار عەلی شۆفێری بارهەڵگرە تاکەکانە و یەکێک بوو لە ناڕازییەکان، دەڵێت، "رێککەوتین لەجیاتی 25 بارهەڵگری سکس 22 بارهەڵگر بخرێتە سەر هێڵەکەی ئێمە."
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی لەسەر ئێمە بوو نووسراومان بۆ وەرزارەتی گواستنەوە کرد کە کێشەی شۆفێران چارەسەر بکەن."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری بۆ دەروازەکە دیاری نەکردووە، بۆیە هەرجارە و کێشەکانیان لەلایەن فەرمانگەیەکەوە چارەسەر کراوە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاکن 55 ئۆتۆمبێلن و دەڵێن، نرخی هێڵەکەیان 75 هەزار دۆلارە، بەڵام هێڵەکەی دیکە نرخی 45 هەزار دۆلار (4 دەفتەر و نیو)ـە بۆیە ناڕازی بوون ئەو هێڵەی نرخی کەمترە بخرێتە نێو هێڵەکەیانەوە.
3ـی ئەم مانگەوە دەروازەکە بەڕووی بازرگانیدا داخرا، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری ئاساییە.
رۆژی 27-06-2023 دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام پێش ئەو رێککەوتەش هاتووچۆی بازرگانی تێدا دەکرا. دەروازەکە تاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە.
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراوی نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ