رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، ئامادەیی خۆی بۆ گەیاندنی هەر هاوکارییەکی پێویست بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەم دواییانە دەربڕی. هەڤاڵ ئەبوبەکریش دەڵێت: "پارێزگای سنە یەکەم شوێنە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێویست داوای هاوکاریی لێبکەین لەکاتی پێویست."
ئێوارەی دوێنێ هەینی، 12-12-2025، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، هاوخەمیی خۆی و خەڵکی پارێزگاکەی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەربڕی.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە بڵاوی کردووەتەوە، ئارەش لهۆنی ئامادەیی خۆی و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگاکەی دەربڕیوە بۆ ناردنی هەر هاوکارییەکی پێویست بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە، بەتایبەتی بۆ قەزای چەمچەماڵ.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پارێزگاری سلێمانی سوپاسی ئارەش لهۆنی کردووە و رایگەیاندووە، لەکاتی پێویستدا داوای هاوکاری لە تیمەکانی فریاگوزاریی سنە و بەکارهێنانی تواناییەکانیان دەکرێ.
رۆژی شەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارێزگاری سنە، هاوخەمی خۆی بۆ رووداوەکەی چەمچەماڵ دەربڕیوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی تیمی فریاگوزاری نیشان دا، بە جۆرێک یان تیم بنێرن یانیش هاوکاریی تیمەکانی ئێمە بکەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "تاوەکو ئێستا هەنگاوەکان باشن، بە پارێزگاری سنەمان گوت، سنە و سلێمانی دووانەیەکن و هەر کارێک هەبێ ئێوە یەکەم شوێنن."
لە رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە. زۆربەی زیانەکان لە قەزای چەمچەماڵی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ