رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بۆ ساڵی 2026 بەرنامەیەکی نوێی چاودێری و سزادانی سەرپێچیکاران دەستپێدەکات و هۆشداری دەداتە شوفێران کە لە ترافیک لایت، بازگە و مەفرەزەکاندا، بە ئۆتۆمبێلی میری و "تابلۆ شارستانی" چاودێریی وردی پابەندبوون بە یاساکان دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی پار بەهۆی دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی، رووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییانی گیانی و برینداربوون کەمی کردووە، بۆ پاراستنی زیاتری گیانی هاونیشتمانیان، لە ساڵی نوێدا رێکاری تووندتر دەگرنەبەر.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەمان ئەو خاڵانە لای ئێمەش سەرپێچین و سزای داراییان لەسەرە. ئەو بڕیارانە گشتگیرن و هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین."
بە گوتەی بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەوان بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی چاودێریی شەقامەکان ناکەن، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەگوێرەی پلانی خۆیان بڕیاری لێدەدەن و بە ئۆتۆمبێلی میری چاودێریی شەقامەکان دەکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمەکانی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی (مەدەنی) لەنێو شار و دەرەوەی شاردا بڵاودەبنەوە بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان.
ئەو سەرپێچییانەی رووبەڕووی سزای یاسایی و دارایی دەبنەوە بریتین لە:
- تابلۆی ئۆتۆمبێل: هەر ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە، دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.
- مۆبایل و پشتێنی سەلامەتی: بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شوفێری و نەبەستانی پشتێنی سەلامەتی (لە ناوەوە و دەرەوەی شار)، سزای دارایی لەسەر دەبێت.
- دەستکاریکردنی ئۆتۆمبێل: جامڕەشکردنی بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشرە و فلاشەر، یان دەستکاریکردنی گزۆزی ئۆتۆمبێل، دەبێتە هۆی دەستبەسەرداگرتن و سزای دارایی.
- مۆڵەتی شۆفێری: هەر کەسێک بێ مۆڵەت شوفێری بکات، رووبەڕووی دادگا و یاسا دەکرێتەوە.
- ماتۆڕسکیلەکان: پێویستە هەموو جۆرە ماتۆڕسکیلێک (تایبەت یان دیلیڤەری) تۆمارکرابن و تابلۆی پێشەوە و دواوەیان هەبێت، هەروەها شوفێرەکە مۆڵەتی لێخوڕین و کڵاوی سەلامەتی هەبێت، بەپێچەوانەوە ماتۆڕەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ