وەزیری سامانە سرووشتییەکان: 22 ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستی سۆمۆ کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت دەڵێ، تاوەکو 12ـی کانوونی دووەم، 22 ملیۆن بەرمیل نەوتیان داوەتە سۆمۆ. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 214 ملیۆن دۆلار وەک تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت، دراوەتە کۆمپانیاکان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026 کۆمپانیای نەوتی نەرویجی DNO، ئیڤێنتێکی لە هەولێر بەبۆنەی گەیشتنی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2004ـوە بە 500 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد. 
 
لە پەراوێزی ئیڤێنتەکەدا کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''بێگومان هاتنی ئەو کۆمپانیا بیانییانە سوودێکی زۆری بۆ ئێمە هەبوو. شارەزایی و کارامەییەکە لە دەرەوەوە هاتە وڵاتەکەمان و هەرێمی کوردستان خرایە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. هەروەها هاتنیان بەڵگەیەکە بۆ هەبوونی ئاسایش لەو وڵاتە.''
 
''214 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی نەوت خەرج کراوە''
 
کەمال محەممەد ئاماژەی بە رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت کرد کە 25-09-2025 واژۆ کراوە و گوتی، ''ماوەکەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بوو، چونکە یاسای بودجە ئەوکات بەسەردەچوو، بەڵام بۆ سێ مانگی دیکە، واتا تاوەکو 31-03-2026 درێژکراوەتەوە''. 
 
بەگوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، لە ئەگەری پێکنەهاتنی حکومەتی نوێی عێراق لەو ماوەیەدا و دەرنەچوونی یاسای بودجە، ئەو رێککەوتەنە جارێکی دیکە وەک خۆی درێژ دەکرێتەوە.
 
یەکێک لە بڕگەکانی ئەو رێککەوتنەی 25ی ئەیلوولی 2025 کرا، بڕیاردرا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای  وود مەکێنزی بەریتانی بکرێ بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان. بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە بدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت تاوەکو ئەو کاتەی بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێدەدرێت.
 
کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 214 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت خەرج کراوە.
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە کۆمپانیا راوێژکارییەکە لە ماوەی 90 رۆژدا لەکاتی گرێبەستەکەوە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەک دیاری بکات و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بەپێی ئەو لێکدانەوەیە دەبێت.
 
کەمال محەممەد لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت گوتی، ''بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 12ـی کانوونی دووەم 22 ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەست کردووە. ئەوە بەو واتایە دێت کە رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێ و پێیەوە پابەندین.''
 
''کارەبای 75٪ـی هاوبەشان 24 کاژێرییە''
 
لە بەشێکی قسەکانیدا کەمال محەممەد کە هاوکات وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانە ئاماژەی بە پڕۆژەی رووناکی کرد و گوتی، بەپێی پلانی وەزارەت دەبووایە بۆ کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاژێری، ''بەڵام ئێستا 75٪ـی هاوبەشانی ئێمە خراونەتە پڕۆژەی رووناکییەوە.''
 
بەگوتەی وەزیری کارەبا، 25٪ـی هاوبەشانیش، شەش بۆ هەشت کاژێر کارەبایان هەیە، ''پێموایە تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات ئەوەش چارەسەر دەبێت و سەرجەم هاوبەشان کارەبای 24 کاژێرییان دەبێ.'' 
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی"ی راگەیاند بە ئامانجی گەیاندنی کارەبای 24 کاژێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە مانگی ئایاری پاریش، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسندکردنی پرۆژەکەی دا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبی سووریا لە کاتی چوونی بەرەو دێر حافر.

سوپای عەرەبیی سووریا کردنەوەی رێڕۆیێکی مرۆیی بۆ دانیشتووانی روژهەڵاتی حەلەب راگەیاند

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، رێڕەوێکی مرۆیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب بەرەو ناو شاری حەلەب دەکرێتەوە، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن لەو ناوچانە بچنە دەرەوە، کە پێشتر وەک ناوچەی سەربازی ناسێندرابوون.