پۆلیسی کەرکووک: 80%ـى ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنى تەواو کراون

14-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، 80%ـى ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیسی خۆجێی تەواو کراون. لەکاتێکدا وەزارەتى ناوخۆى عێراق پێشبینیی دەکات ئەو رادەستکردنە بکەوێتە ساڵى داهاتوو.
 
عامر شوانى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئامادەیی کەرکووک بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنی، پەیوەندیدارە بە رێوشوێنەکانى پۆلیسى شارەکەوە و کەى ئامادەبن بۆ ئەو هەنگاوە، پرۆسەى گواستنەوەى دەسەڵاتى ئەمنى لە کەرکووک دەکرێت".
 
بەگوێرەى فەرمانێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق کە لە 25ـی کانوونى یەکەمى 2023 دەرکراوە، بڕیاردراوە بە گواستنەوەى میلاکى چوار فەوجى پۆلیسى ئامادەى کەرکووک بۆ سەر پۆلسی فیدراڵى، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە بە پۆلیس.
 
گواستنەوەکە، فەوجەکانى یەک، دوو، سێ و چوارى پۆلیسی فریاکەوتن دەگرێتەوە، کە بە چوار قۆناخ دەکرێت و قۆناخى دووەمى لە نێوان 1ـى نیسان بۆ 30ـی حوزەیران دەبێت.
 
رۆژی 13ـى شوباتى 2024، عەمید میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە میدیاى فەرمیى وڵاتەکەی راگەیاند: رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى پارێزگاکانى کەرکووک، بەغدا، بەسرە و میسان بۆ پۆلیس دەکەوێتە ساڵى 2025.
 
لە دواى هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017، سوپاى عێراق بەرپرسیارێتیى دۆسیەى ئەمنیی کەرکووکى گرتووەتە دەست.
 
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى؛ دەبێت پرۆسەى گواستنەوەى دەسەڵاتى ئەمنى لە کەرکووک جێبەجێ بکرێت و هێزێکى پۆلیس لە پێکهاتەکانى شارەکە دروستبکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.