رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخات.
13ی شوباتی 2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 30ی تەمموزی 2024ی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ بۆیە پاڵپشت بەوە بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێت.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا دەکات لەو ماوەیەی کە ماوە رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر تاوەکو لە رۆژی ئاماژەپێکراودا نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دوێنێ سێشەممە دەرچووە و ئاگادارن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، وێنەیەکی گەیشتووەتە لیژنەکەیان و بەدواداچوونی بۆ دەکەن تاوەکو بزانن زەوینەکە لەبارە تاوەکو سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و قوتابخانەکانیش دابخرێن.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دۆسیەی ئاوارەکان کۆتایی بێت و قوتابییەکانیش لە شوێنی خۆیان درێژە بە خوێندن بدەن.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی 11ـی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن."
عەلی عەباس گوتی، "سێ بژارە دەخرێنە بەردەم ئاوارەکان. یەکەم، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. دووەم، نیشتەجێبوون لەو شوێنەی ئێستا وەک ئاوارە تێیدا دەژین؛ سێیەم، چوونە پارێزگەیەکی دیکە و ئەو کات وەک گەڕاوە هەژمار دەکرێن."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستاندا 24 کەمپ هەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 35 هەزار بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا هەن کە ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت."
عەلی عەباس گوتی، هەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە، سوومەند دەبێت لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی وەزارەت وەک پێدانی پارە، دابینکردنی کەلوپەلی نێو ماڵ، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و دامەزراندن.
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و، رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ