کۆمەڵی دادگەری: چەندین جۆر ئاڵا لە کەرکووک دەبینرێن، تەنیا ئاڵای کوردستان نەبێت

14-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، لە کەرکووک چەندین جۆر ئاڵا و درووشم دەبینرێن تەنیا ئاڵای کوردستان نەبێت. مەڵبەندەکە راگەێیندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "کورد، زمانی و کولتووری لە دەستووردا جێگیرکراون. دەبێت کورد ئازادانە مافی خۆی پیادە بکات و بێ هیچ رێگری سانسۆرێک و بەشێوەیەکی مەدەنییانە و بێ ئاژاوەگێڕی ئەو یادانە بکاتەوە." 
 
رۆژی سێشەممە 14-3-2023، مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "وەک لای هەمووان ئاشکرایە 32 ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا جامی توڕەیی جەماوەر لەئاستی ستەم و دڕندەیی رژێمی بەعس پڕبوو و رژانە سەرشەقامەکان و بە خوێنی گەشی هەزاران گەنج راپەڕینیان بەرپاکرد و هەرەمی بە ستەم دروستکراوی بەعسیان رووخاند و ئاهەنگی سەرکەوتنیان لەسەر قەڵای شاری کەرکووک گێڕا، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی کورد بێ خوێندنەوەی واقیعیانە و بێ گوێگرتن بۆ دڵسۆزان بەبڕیارێکی دیراسەنەکراو لە 51٪ـی خاکی کوردستانی لە دەستدا." 
 
مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری رەخنە لە سیاسەتی دەسەڵاتی ئێستای شارەکە و حکومەتی عێراق لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەگرێت و دەڵێت: "وەک بینیمان رێگەیان بە یادی رۆژی پۆشاکی کوردی نەدا لە خوێندنگەکاندا و بۆ دەربڕینی یادی هەڵەبجە و راپەڕین و نەورۆز دەبێت بە ئیزن و لە کاتێکی کورتی دیاریکراو بەبێ ئاڵای کوردستان یاد بکرێتەوە، لەکاتێکدا جۆرەها دروشم و ئاڵا لە شاری کەرکوک بە ئاشکرا دەبینرێن تەنها ئاڵای کوردستان نەبێت." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا کۆمەڵی دادگەری رەخنە لە یەکێتی و پارتیش دەگرێت و رایدەگەیێنێت: "هەردوو حیزبی دەسەڵاتیش بۆنە و یادەکان بە حیزبی دەکەن و لە دوو شوێنی جیاواز یادی دەکەنەوە، لەبەر ئەوە ئێمە لە مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری بەشداری لەهیچ بۆنە و مەراسیمێکی نەتەوەیی بە حیزبیکراو ناکەین و روودەکەینە بەرپرسانی حکومەتی خۆجێیی شاری کەرکووک و دەڵێین، سیاسەتی پەراوێزخستن بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەچووە و ناچێتە سەر و خزمەت بە برایەتی پێکهاتەکان ناکات و نائارامی دروست دەکات." 
 
مەڵبەندەکەی کۆمەڵی دادگەری دەشڵێت: "کورد و زمانی و کولتووری لە دەستووردا جێگیر کراون. دەبێت کورد ئازادانە پیادەی مافی خۆی بکات و بێ هیچ رێگری و سانسۆرێک و بەشێوەیەکی مەدەنیانە و بێ ئاژاوەگێڕی ئەو یادانە بکاتەوە." 
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا کۆمەڵی دادگەری کۆمەڵێک رەخنەی دیکەش دەگرێت و دەڵێت: "هەروەها بەهەردوو حیزبی دەسەڵاتدار دەڵێین، نە نموونەیەکی جوانی حوکمڕانیتان پێشکێشکرد و نە پارێزگاریتان لە دەسکەوتەکانی راپەڕین کرد. لە ماوەی 32 ساڵی حوکمڕانیتان حیزبیانە هەڵسوکەوتتان کرد بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی هەوڵتاندا و بەرژەوەندی گشتیتان کردە قوربانی داهات و پلە و پۆست و گەندەڵیتان کرد و ئەم رۆژەتان هێنایە ئاراوە."  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: 120 ملیارەکەمان نارد بۆ بەغدا

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر، 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.