رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرزی داهاتوو بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرد. بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، گەنمی ئەم ساڵ نزیکەی 2 ملیۆن تۆن دەبێت و بەو جۆرەش بەغدا بڕێکی زۆری وەرناگرێ.
رۆژی سێشەممە، 05-05-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی کڕینی گەنمی بۆ وەرزی 2025-2026 دیاری کرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە پارەی نێو پلان (700 هەزار) و 108 هەزار تۆنەکەی دیکە بە پارەی دەرەوەی پلان (500 هەزار) دەبێت.
"جیاکاری دەکرێ"
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەو بڕیارە رازی نین لە بەغداوە دراوە. دەستمان بە هەوڵەکانمان کردووە. وەزیری کشتوکاڵ و لیژنەیەکمان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە زیاد بکرێ."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی، "لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم وەردەگرن، ئەوەیشی دەمێنێتەوە بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنیا 292 هەزار تۆن بە نرخی 700 هەزار دینار وەردەگیرێ و ئەوی دیکە واتە 108 تۆن بە 500 هەزار. ئەم بابەتە سیاسییە، ئەگەرنا بۆچی ئێمە جیا دەکرێینەوە؟ پێویستە وەک بەشێک لە عێراق هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێ."
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، بەپێی ئەم بڕیارە، بۆ هەر دۆنمێک تەنیا 80 بۆ 90 کیلۆ گەنم لە جووتیار وەردەگیرێ، کە ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی "60%ی گەنمی هەرێمی کوردستان زیانی بەرکەوێ."
بەرهەمهێنانی گەنم لە هەرێمی کوردستان
هەولێر و سۆران
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای هەولێر 952 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە کە نزیکەی 5 هەزار دۆنمی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. چاوەڕێ دەکرێ کۆی بەرهەمی پارێزگاکە بگاتە 700 هەزار تۆن (2500 تۆنی لە سۆران بێت)."
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش کرد، دروێنە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات و 40 رۆژ دەخایەنێت.
دهۆک و زاخۆ
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت، "لە دهۆک 903 هەزار دۆنم زەوی چێندراوە و چاوەڕێی زیاتر لە 500 هەزار تۆن بەرهەم دەکەین. گەنمی ئەم ساڵ پلە یەکە، چونکە بارانێکی زۆر و باش باریوە."
هاوکات سەلمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، "لە زاخۆ 235 هەزار دۆنم چێندراوە و پێشبینی زیاتر لە 200 هەزار تۆن بەرهەم دەکەین."
گەنم لە سنووری پارێزگای سلێمانی، راپەڕین و گەرمیان
لە سنووری سلێمانی زۆرترین بڕی گەنم چێندراوە کە پێشبینی دەکرێ بگاتە نزیکەی 850 هەزار تۆن.
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، ملیۆنێک و 163 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕێی 850 هەزار تۆن بەرهەم دەکەین."
وردەکارییەکەی بەم شێوەیە
سلێمانی: 621 هەزار و 720 دۆنم چێندراوە (پێشبینی 476 هەزار و 486 تۆن بەرهەم دەکرێ).
راپەڕین: 158 هەزار و 600 دۆنم چێندراوە (پێشبینی 158 هەزار تۆن بەرهەم دەکرێ).
گەرمیان: 382 هەزار و 719 دۆنم چێندراوە (پێشبینی زیاتر لە 200 هەزار تۆن بەرهەم دەکرێ).
بەرهەم لە پارێزگای هەڵەبجە
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد: "لە پارێزگاکەمان 86 هەزار دۆنم زەوی چێندراوە و چاوەڕێی زیاتر لە 40 هەزار تۆن بەرهەم دەکەین."
گۆڕانکاری لە نرخ و بڕی وەرگیراو
حکومەتی عێراق بۆ ساڵی 2025 نرخەکەی بەم شێوەیە دیاری کرد:
گەنمی بەرهەمهێندراو بە ئاودێری نوێ: 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
گەنمی بەرهەمهێندراو بە ئاودێری کۆن: 800 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
بەڵام بۆ ئەم ساڵ نرخەکە کەمکراوەتەوە بۆ تەنیا 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت. پاریش بڕیاریدا، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. بەڵام بۆ ئەم ساڵ ئەو بڕە بۆ تەنیا 292 هەزار تۆن لەناو پلان و 108 هەزار تۆن لە دەرەوەی پلان کەمکراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای جووتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ