دیندار زێباری: ژمارەی قوربانیانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ 207 کەسە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، دوایین ئامارەکانی پەیوەست بە کەیسەکانی دادگا، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، مادەی هۆشبەر و دۆسیەی تیرۆر ئاشکرا دەکات. دیندار زێباری دەڵێ، تەنیا لە ساڵێکدا زیاتر لە 9 هەزار کەیس لە دادگاکانی پێداچوونەوە یەکلایی کراونەتەوە.
 
لەبارەی رەوشی زیندانەکانیش، دیندار زێباری ئاماری حوکمداراوانی راگەیاند و گوتی، زیاتر لە 500 سزادراوی سێدارە لە چاکسازییەکاندا هەن؛ هەروەها باسی لە هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ تیمی (یونیتاد) بۆ بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکان بەرامبەر کوردانی ئێزدی کرد کە تێیدا بڕێکی زۆر لە زانیاری، ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی وەک بەڵگەی یاسایی کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا سوودیان لێببینرێت.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
 
رووداو: پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوەدەچێت و لە ساڵی رابردوودا چەند کەیس یەکلایی کراونەتەوە؟
 
د. دیندار زێباری: پرۆسەی قۆناخەکان بەرەو دادگا بەم شێوەیەیە؛ دادخواز سەرەتا داواکاری بە نووسراو پێشکێشی بنکەی پۆلیس-بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانەکان دەکات. دواتر دەچێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند لە دادگا. دوای ئەوە، پێویستە بەڵگەی سەلمێنەر پێشکێشی دادوەری لێکۆڵینەوە بکات، بەڵگە بە نووسراو یان بە دوو شاهێد یان نامەی دەنگی یان وێنە (دەنگ و تۆمار). دوای ئەم پرۆسەیە راست و دروستی بۆ دادگای لێکۆڵینەوە دەسەلمێندرێ و ئینجا دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە رەوانەی دادگای تاوانەکان و کەتن دەکات. پاشان، بەپێی مادە یاساییەکان جۆری تاوانەکە دیاری دەکرێ کە تاوان یان کەتنە. دواجار دادوەری تایبەتمەند بڕیاری بە سزادان یان بێتاوانی دەردەکات بە پشتبەستن بە بەڵگەکان.
 
دوایین ئاماری کەیسەکانی سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستەکان لە (2025/1/1 تاوەکو 2025/12/31) بەم شێوەیە:
 
دەستەی شارستانی (1253) کەیس
دەستەی سزایی (2902) کەیس
دەستەی سزایی (نەوجەوانان) (454) کەیس
دەستەی گشتی سزایی لە کۆی (121) کەیس تەنیا (5) کەیس ماوە
دەستەی باری کەسایەتی (1612) کەیس
دەستەی پەرتەوازە و کێشەی کار و کشتوکاڵ (640) کەیس
دەستەی فراوان (302) کەیس
دەستەی شارستانی لە کۆی (188) کەیس تەنیا (3) کەیس ماوە
دەستەی تانە لە بەرژەوەندی یاسا (30) کەیس
دەستەی ناکۆکی (26) کەیس
دەستەی گومرگ (32) کەیس یەکلاکراونەتەوە.
کۆی گشتی کەیسەکان (9119) کەیس یەکلاکراونەتەوە و تەنیا (8) ماوە.
 
رووداو: دۆخی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان چۆنە و چەند کەیس تۆمار کراون؟
 
د. دیندار زێباری: بابەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ سەرجەم جۆرەكانی خراپ بەکارهێنان دەگرێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی کار دەکات لەگەڵ لیژنەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ کە لە حکومەتی فیدراڵیەوە پێکهاتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، بەكۆیلەكردن و كارپێكردنی بەزۆر، بازرگانیكردن بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ، ناچاركردن بە خزمەتپێكردن، سواڵكردن و کردەوەی هاوشێوەی بەكۆیلەكردن بە جۆرێک کە لەگەڵ راسپاردەکانی تایبەت بە پرسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان یەکگرتووبێت.
 
دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان سەبارەت بە کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوەکو 2026/2/11 بە جۆرێک بووە کە (337) کەیس تۆمارکراوە. ئەو کەیسانەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە (157) کەیسن. ژمارەی قوربانیانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (207) کەسە. ژمارەی قوربانیانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە گەڕێندراونەتەوە وڵاتی خۆیان (112) کەس بوون. ژمارەی قوربانیانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە لە خانەی داڵدەدانن (42) قوربانین لە ژێر چاودێری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدان بە مەبەستی دابینکردنی هەلی کار. ژمارەی ئەو تاوانبارانەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکراون (94) راگیراون.
 
رووداو: دۆخی مادەی هۆشبەر چۆنە؟ چەند کەس لە زیندانەکانن و چەند کەس سزادراون؟
 
د. دیندار زێباری: ئاماری ورد لەسەر ژمارەی بەکارهێنەران و بازرگانان و بڕی دەستبەسەرداگرتنی مادە هۆشبەرەکان، دەریدەخەن کە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە زیادبووندایە.
 
ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی گشتی لە 2024/1/1 تاوەکو 2024/12/31 بەم شێوەیە:
 
تۆمەتباری دەستگیرکراو (1568)
بەکارهێنەر (737)
بازرگان (831)
سزادراوان (1620)
ئازادکراوان (220)
ئازادکراوان بە دەستەبەر (901)
ئازادکراوانی سزا تەواو بوو (606)
 
بڕی مادەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو (466،172) کیلۆ/گرام. بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو (45،564) کیلۆ/شیت.
 
هەروەها جۆر و بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی گشتی بۆ ساڵی (2026) بەم شێوەیەیە:
 
حەبی هۆشبەر جۆری ترامادۆڵ: 60 شیت و 4 دانە.
حەبی هۆشبەر جۆری میتادۆن: 68 شیت.
حەبی هۆشبەر جۆری کلۆنازپام: 20 شیت و 5 دانە.
حەبی هۆشبەر جۆری B2: بری 32 شیت و 6 دانە.
حەبی هۆشبەر جۆری ئەلپرازۆلام: 1 شیت و 9 دانە.
کۆی گشتی: 183 شیت و 4 دانە حەب.
 
هەروەها ئاماری سزادراوان و بەکارهێنەران لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەرەکان لە دەزگای ئاسایشی سلێمانی (2024/1/1 تاوەکو 2024/12/31):
 
بەکارهێنەر (523) کەس
بازرگانی نێوخۆیی (480) کەس
کۆی گشتی (1019)
 
بڕی مادەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو لە سلێمانی لە ساڵی (2024):
 
کریستاڵ (یەک تۆن و 10 کیلۆگرام)
تلیاک (19،635 ک/گ)
ماریوانا (24،537 ک/گ)
هیرۆیین (1،100 ک/گ)
کەپتاگۆن (یەک تەن و 962 کیلۆ و 200 گرام).
کۆی گشتی مادەی هۆشبەر (سێ تەن بیست و چوار کیلۆ شەش سەد گرام).
 
رووداو: دۆخی مادەی هۆشبەر لە ساڵی 2025 چۆن بووە؟ چەند کەس دەستگیرکراون و بڕی مادە دەستبەسەرداگیراوەکان چەندە؟
 
د. دیندار زێباری: بەپێی دوایین ئامار و داتای ساڵی 2025، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک (1708) تۆمەتبار بە تۆمەتی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون. لەو ژمارەیە (674) کەسیان بەکارهێنەر بوون و (1034) کەسیشیان تۆمەتبار بوون بە کڕین و فرۆشتن. سەبارەت بە چارەنووسیان لە دادگاکان، (1423) تۆمەتبار لە لایەن دادگاکانی هەولێر و دهۆک سزادراون، (550) تۆمەتبار بە دەستەبەری ئازادکراون، هەروەها (601) تۆمەتبار دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان ئازادکراون.
 
جگە لەمانە، (438) تۆمەتباری نێردراوە بۆ وڵاتی خۆیان هەبوون کە دوای دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی کەم مادەی هۆشبەر لە  دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ وڵاتی ئێران نێردراونەتەوە. کۆی گشتی مادەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو لە ساڵی (2025) بریتی بووە لە (922 کیلۆ و 963 گرام). هەروەها کۆی گشتی حەبی کۆنترۆڵکراوی پزیشکی دەستبەسەرداگیراو لە هەمان ساڵدا (12,194) شیت بووە.
 
لە پارێزگای سلێمانیش، ئاماری پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2025 نیشانی دەدات کە (1076) کەس دەستگیرکراون، کە (519)یان بەکارهێنەر، (363) بازرگانی ناوخۆیی و (194) بازرگانی نێودەوڵەتی بوون.
 
دوایین ئاماری سزادراوان و راگیراوانی مادەی هۆشبەر لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بەم شێوەیەیە: لە چاکسازی گەورانی هەولێر (770) کەس، لە سلێمانی (465) کەس، لە دهۆک (390) کەس هەن. هەروەها لە چاکسازی ژنان و منداڵان، ئامارەکە بەم جۆرەیە: لە هەولێر (33) سزادراو و (24) راگیراو، لە سلێمانی (8) سزادراو و (1) راگیراو و لە دهۆک (9) سزادراو و (9) راگیراو هەن. کۆی گشتی ئامارەکانی سزادراوان و راگیراوان تەنیا لە کەیسەکانی مادەی هۆشبەردا دەگاتە (1709) کەس.
 
لەبارەی ئاماری گشتیی سەرجەم گیراوان و راگیراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو رێکەوتی 26-4-2026، کۆی گشتی (6048) کەسە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
 
چاکسازییەکانی هەولێر: (2583) کەس.
چاکسازییەکانی سلێمانی: (1854) کەس.
چاکسازییەکانی دهۆک: (1611) کەس.
 
لەنێو ئەم ئامارە گشتییەدا، (347) کەسیان لە رەگەزی مێن؛ هەروەها (242) منداڵ (کور و کچ) هەن. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە (44) منداڵ لەگەڵ دایکیان لە چاکسازییەکاندان. سەبارەت بە سزای سێدارەش، ئاماری سێدارە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاکە بە گشتی (531) کەسە.
 
رووداو: چەند کەس بە تۆمەتی تیرۆر لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان؟ چەند کەسیان بیانین؟
 
د. دیندار زێباری: داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە (290) کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەت رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو مانگی تەمموزی 2025 و بە بڕیاری دادوەر راگیراون، (124) کەس لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست بە فەرمانی دادوەر ئازادکراون، (133) کەس لە قۆناخی دادگایی کردندان، ئێستا (33) کەس لە قۆناخی لێکۆڵینەوەن.
 
بەپێی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، (1,246) دۆسیەی تیرۆری لە هەرێمی کوردستان هەن، لەوانیش (1,225) لە رەگەزی نێر و (21) لە رەگەزی مێ‌.
 
رووداو: چەند تاوانی داعشتان بەرامبەر کوردانی ئێزدی دۆکیۆمێنت کردووە و رۆڵی تیمی (یونیتاد) چۆن بووە؟
 
د. دیندار زێباری: زیاتر لە 3500 کەیسی کچ و ژنانی رزگاربووی دۆکیۆمێنت کراوە. پرۆسەی دۆکۆمێنتکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە (2379) ئەنجامدرا.
 
بە دوو هەنگاو بەڵگەی تاوانەکانی داعش لە رێگای نووسینگەی ریکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرانەوە بەر لە کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی تیمەکە لە ئەیلوولی 2024.
 
بەشی یەکەم لە 11 تەممووزی 2024 بڕی (45.95) گێگابایت لە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی تاوانەکانی داعش رادەست کرانەوە. بەشی دووەم لە 25 ئابی 2024 بڕی (11.9) گێگابایت زانیاری و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ریکارە یاساییەکان رادەست کرانەوە. بەر لە کۆتاهاتنی ئەرکی تیمەکە بڕی (52) تێرابایت لەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت و وێنە و ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی کە یونیتاد لێکۆڵینەوەی لێ کردبوون، لە 28ی ئابی 2024 لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرشیف کران. لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کۆی گشتی (394,943) لاپەڕە لە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش ئەرشیف کران. بەمەش کۆی گشتی لاپەڕە ئەرشیفکراوەکان لە تەواوی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە عێراق و هەرێم گەیشتووەتە (20) ملیۆن لاپەڕە.
 
رووداو: هاوئاهەنگیتان لەگەڵ عێراق چۆنە و دۆسیەی چەکدارانی هێنراو لە سووریاوە بە کوێ گەیشتووە؟
 
د. دیندار زێباری: بەر لە وادەی کۆتاهاتنی ئەرکی پسپۆڕدراوی تیمی یونیتاد 21 راپۆرتی شیکاری لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە عێراق هاوبەشی پێکردووە. راپۆرتەکانیش ئەو لێکۆڵینەوانەی لەخۆ دەگرت کە تیمەکانی یونیتاد لێکۆڵینەوە و شیکارییان بۆ کردبوون لەبارەی تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان، مەسیحییەکان، تورکمانانی شیعە، کاکەیی، شەبەک، سوننە، زیندانی بادوش، ئەکادیمیای ئاسمانی تکریت، خاپوورکردنی شوێنەواری کولتووری و ئایینی. بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە حکومەتی فیدراڵ و بەڕێوەبەرایەتیی دادپزیشکی تیمی لێکۆڵینەوە بە پێشکێشکردنی شارەزایی تەکنیکی توانیویانە (68) گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵبده‌نەوە کە پاشماوەی قوربانیانی هێرشەکانی داعشیان لەخۆگرتبوون.
 
تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە ماوەی کارکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان توانیان بە پشتبەستن بە زانیاری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی داتایەکی باش کۆبکەنەوە، لێکۆڵینەوەش بکەن لەو تاوانانەی داعش بەرامبەر پێکهاتەی ئایینی و مەزهەبی کردوویەتی، لەوانەش مەسیحی، کاکەیی، شەبەک، تورکمانی شیعە، ئێزدی، وێرانکردنی شوێنەواری کولتووری، ئەکادیمیای سەربازی تکریت (سپایکەر)، زیندانی بادوش، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعش لە مووسڵ و هەرەمی سەرکردایەتی داعش.
 
هەروەها تیمی ئاماژەپێکراو توانی بە دەیان راپۆرت پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات و دان بەو تاوانانەدا بنێت کە تاوانی نێودەوڵەتیبوون دژی پێکهاتەکان لە عێراقدا، توانراویشە ئەرشیفێکی مەرکەزی تۆکمە درووستبکرێت بە دیجیتاڵی لە هەرێم و بەغدا و نیویۆرکیش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێببینرێت لە دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاستی وڵاتان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سایلۆی گەنم لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

بەدواداچوونی رووداو؛ چاوەڕێی بەرهەمهێنانی 2 ملیۆن تۆن گەنم دەکرێ و بەغدا 400 هەزار تۆنی وەردەگرێ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرزی داهاتوو بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرد. بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، گەنمی ئەم ساڵ نزیکەی 2 ملیۆن تۆن دەبێت و بەو جۆرەش بەغدا بڕێکی زۆری وەرناگرێ