رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی رەتیدەکاتەوە هیچ لیست و بەربژێرێکیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەبێت.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین هیچ لیست و کاندیدێکمان بۆ هەڵبژاردنەکان نیە و کاندیدیشمان لەناو هیچ حزب و دەستەو گروپێکی کۆن و نوێدا نیە و نابێت."
ئەنجوومەنەکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی پێکدێت کە لە خۆپێشاندانەکاندا دوو داوای سەرەکییان هەیە: وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن و دامەزراوانیش داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن.
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، پێیانوایە "خاڵی بەهێزی ئەم خەباتە پیشەیی و مەدەنییە کە نزیکەی دە ساڵە بەهەوڵ و کۆششی هەموو مامۆستایان و فەرمانبەران و دۆستانی شەقام سەرپێمان خستووە لە بێلایەنی و دوورخستنەوەی دەستی حزبدایە و متمانەی جەماوەریش بەم جووڵانەوەیە هەر لەو سۆنگەیەوەیە، بە دڵسۆزی و بە بێ مەرامی تایبەتی دەتوانین نوێنەرایەتییەکی راستەقینە بکەین."
دەنگی ناڕازیی و شەقام دەکەوێتە مەترسییەوە ئەگەر تێکەڵی کاری لیست و حزب و هەڵبژاردن و بەرژەوەندی تایبەت بکرێت، ئەمە وەکو ئەنجوومەنەکە باسی دەکات. چونکە وەکو خۆی دەڵێت، حیزب پەرلەمان و سەندیکا و رێکخراوە پیشەییەکان و میدیای کۆنترۆڵ و دەستەمۆکردووە و لەئەرکی سەرەکی خۆیانی دوورخستۆتەوە و ناچالاکی کردوون."
ئەنجوومەکەکە بەڵێن بە هاووڵاتییان و مامۆستایان دەدات، "بەپشتیوانی ئێوە و خوای گەورە و بەبێ مەرامی سیاسی و تایبەت بەردەوامبین لەداواکردنی ماف و شایستە داراییەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ