رووداو دیجیتاڵ
پیاوێک لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە هاوکاریی خێرخوازان خانوو بۆ ئەو منداڵانە دروست دەکات، کە باوک یان دایک و باوکیان نەماوە. خێرخوازەکە دەڵێت، 27 خانووی رادەستکردووە و چوار خانووی دیکەشیان لە ژێر دروستکردندان.
تاریق رەمەزان، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک. لە ساڵی 1994ـەوە سەرقاڵی کاری خێرخوازییە. جگە لە دروستکردنی خانوو، هاوکاریی نەخۆشان و ئەو گەنجانەش دەکات کە کەمدەرامەتن و هاوسەرگیریی دەکەن، هەروەها لە سنوورەکەی خۆیدا رۆڵی هەبووە لە دروستکردنی چەند مزگەوتێکدا.

تاریق رەمەزان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی کردوومە بە پشتیوانیی کەسانی دڵسۆز و خێرخواز بووە، کە متمانەیان پێکردووم، تاوەکو ئێستا 27 خانووم رادەستی منداڵان کردووە، کە بێ باوک بوون یان بێ دایک و باوک بوونە".
تاریق رەمەزان، کە کەسایەتییەکی ناسراوی کۆمەڵایەتیی دەڤەرەکەی خۆیەتی، ئێستا لە یەک کاتدا سەرقاڵی دروستکردنی چوار خانووی دیکەیە. وەکو خۆیشی دەڵێت، لەم رەمەزانەدا دەست دەکەن بە دروستکردنی چوار خانووی دیکەش.

ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، بۆ دروستکردنی خانوو بۆ منداڵانی بێ باوک هیچ پێوەرێکیان نییە جگە لە مرۆڤبوون.
ئەو خانووانە لەسەر رووبەری 120 و 150 مەتر زەوی دروستکراون، زەوییەکانیان بۆ دەکڕن و خانووی لەسەر دروست دەکەن. تاریق رەمەزان ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموو خانووەکان کە تەواوی دەکەین کەلوپەلی نێوماڵیشی بۆ دەکڕین، خانووەکانیش مامناوەندن، نە خراپ و نە هێندەش کوالێتیی بەرز، کە تێچووی زۆر بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ