کاروان خۆشناو خۆی بەربژێر کرد و فەرهاد پیرباڵیش رەتکرایەوە

14-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەقید کاروان خۆشناو، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، فۆرمی خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پڕکردەوە. د. فەرهاد پیرباڵیش بەهۆی ئەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی نەبووە، نەیتوانیوە فۆرمەکە وەربگرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاروان خۆشناو فۆڕمی بەربژێربوونی لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە و وەکو بەربژێری سەربەخۆ پڕی کردووەتەوە و رادەستی کۆمیسیۆنی کردووەتەوە.
 
کاروان خۆشناو، کەسایەتییەکی ناسراوە لە سنووری هەولێر و ماوەیەک گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر و ماوەیەکیش گوتەبێژی پۆلیسی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک بووە.
 
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ خاڵێک نییە بڵێت ئەفسەر یان کەسی سەربازی ناتوانێت بەربژێر بێت، بۆیە کۆمیسیۆن رێگەی داوە خۆیان بەربژێر بکەن".
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، د. فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ سەردانی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی نەبووە، کە یەکێکە لە مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن، نەیتوانیوە فۆڕمەکە وەربگرێت.
 
د. فەرهاد پیرباڵ لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2005 بەشداریکرد، کە لیستێکی هەبوو بە ناوی لیستی بێلایەنەکان و توانی 10 هەزار و 262 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەک بباتەوە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەربژێرێک بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بەربژێربوونی پەسەند نەکراوە. سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوت:، "فۆڕمەکە بە ئۆنڵاین پڕدەکرێتەوە و دەنێردرێتە بەغدا، دواتر کە گەڕایەوە لای ئێمە پێداچوونەوە بە مەرجەکانی بەربژێربوونی دەکەین پاشان بە فەرمی پەسەند دەکرێت".
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو تاوەکو رۆژی چوارشەممە 85 کەس وەکو بەربژێری تاک سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە و فۆڕمی خۆبەربژێرکردنیان وەرگرتووە، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان فۆڕمەکەیان بۆ کۆمیسیۆن گەڕاندووەتەوە.
 
تاوەکو 22ـی ئادار ئەوانەی فۆڕمی بەربژێربوونیان لە لقەکانی کۆمیسیۆن وەرگرتووە دەتوانن فۆڕمەکە ببەنەوە کۆمیسیۆن و دوای 22ـی مانگ بۆ پەسەندکردنیان وردبینیی لە داواکانیان دەکرێت.
 
بەگوێرەی فەرمانێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە 3ـی ئادار دەریکرد، 10ـی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.