رووداو دیجیتاڵ
چەند بارەگایەکی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای خورماتوو بۆردوومان کران و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش چەند بریندارێک هەن.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، کاژێر 06:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ، بۆردوومای ناوچەی "براوچلی" سەر بە قەزای خورماتوو کراوە و فەوجی یەکی لیوای 52ی حەشدی شەعبی بەئامانج گیراوە.
لیوای 52ی حەشدی شەعبی پێکهاتووە لە هێزەکانی سەر بە "رێکخراوی بەدر."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە دەست رووداو کەوتوون، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەی براوچلی، سێ کەس بریندار بوون و یەکێکیان برینەکەی سەختە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە دوای بۆردوومانەکەی براوچلی، بارەگایەکی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" لەسەر چیای خورماتوو بۆردوومانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەبارەی زیانە گیانی و مادییەکانی ئەو هێرشە لەبەر دەست نییە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری ئامرلی پێنج بارەگای جیاوازی هێزەکانی حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج و بۆردوومانکراون.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە گوتی، جگە لە برینداربوونی سێ کەس، زیانێکی زۆر مادیش بەر ناوچەکە کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ