رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دەروازەکەیان سبەی بەڕووی هاتووچۆی بازرگانیی و گەشتیاریدا دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئادار، دەروازەکە لە راگەیێندراوێکدا بازرگانان، کۆمپانیاکان، هاوردەکاران، ناردنکاران و هاووڵاتییانی ئاگادار کردووەتەوە، کە دەروازەکەیان لە سبەی یەکشەممەوە کراوە دەبێ.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان تێدایە بۆ کردنەوەی دەروازەکە و لە دیوی ئێرانیشەوە ئامادەکاری کراوە و سبەی بە فەرمی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و دەروازەی پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی داخرابوون، 11ی ئادار دەروازەی پەروێزخان کرایەوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ شەممەی دەروازەکەدا هاتووە: "دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەگەڵ دەروازەی گومرگیی تەمەرچینی ئێران[دیوی ئێرانی دەروازەکە] لە رووی هاتووچووی گەشتیاریی و بازرگانییەوە دەکرێتەوە و وەکو پێشتر ئاسایی دەبێتەوە".
دوای جەنگە تەنیا دەروازەی نێودەوڵەتیی کراوە لەنێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، دەروازەی باشماخ بوو لە پارێزگای سلێمانی.
مەریوان حەسەن، گوتەبێژی دەروازەی باشماخ بە رووداوی گوت، دەروازەکەیان کراوە بووە و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی تێدا رانەگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ