رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کوژرانی سەربازێکی سوپای تورکیای لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش تاوەکو ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
رۆژی 13ـی نیسانی 2024، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیێندراوێکدا، بەئامانجکردنی سەربازێکی سوپای تورکیای لە رێگەی نیشانشکێنەکانی گەریلا لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و راشیگەیاند، نیشانشکێنەکان کامێرایەکی چاودێریشیان تێکشکاندووە.
سوپای تورکیا بە فەرمی هەواڵی کوژرانی سەربازەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی دوایین راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە، رۆژی 11ـی نیسانی 2024، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان، جموجۆڵی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکەیان لە ناوچەی گارا بەدیکردووە و بە فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە بۆردوومانیان کردووە کە بەهۆیەوە سێ گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ