رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت، گفتوگۆکانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەردەوامە و نەرمی نواندنێک لەلایەن یەکێتی و لایەنەکانی دیکەوە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بدرێتە بەرەی تورکمانی.
هەرچەندە ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی جەخت لە هەوڵەکانیان دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە 14-04-2026 پەیامنێری رووداو لە کەرکووک پرسیاری لە رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کرد لەبارەی دەستاودەستکردنی پۆستەکەی، لە وەڵامدا رەتیکردەوە و گوتی، "تەنیا لە سۆشیاڵ میدیا بیستوومە و هیچ شتێکی فەرمییان پێ نەگوتووم."
ئەمیر عیزەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "بابەتی گفتوگۆکردنمان لەگەڵ یەکێتی نوێ نییە و لە دوای هەڵبژاردنی کەرکووکەوە (ئەنجوومەنی پارێزگاکان) ئەو گفتوگۆیە هەبووە، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن و ئەوان لەگەڵ برا عەرەبەکان رێککەوتن، لەو کاتەوە هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بدرێتە تورکمان."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، "داواکاریی ئێمە ئاشکرایە و ئەوەیە کە وەکو پێکهاتەکانی دیکە دەرفەتێک بدرێتە بەرەی تورکمانی، دەمانەوێت هاوشێوەی کورد و عەرەب دەرفەتێکمان پێبدرێت کەرکووک بەڕێوەببەین."
ئەمیر عیزەت گوتیشی، لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان هەیە، برادەرانی یەکێتی و عەرەبیش پێیان باشبوو کێشەی سەرۆککۆمار چارەسەر بکرێت، دواتر گرێکوێرەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێتەوە، "یەکێتی لاریی نەبووە لە پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام تێبینییان لە میکانیزمەکە هەیە، گفتوگۆ لەنێوان هەر سێ لایەنەکە بەردەوامە، نەرمی نواندن لەلایەن یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش هەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتە تورکمانی."
لەبارەی داواکارییەکانی یەکێتی لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ئەمیر عیزەت رایگەیاند، "یەکێتی داوای قایمقامەکانی دووبز، داقووق و کەرکووک و پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووکی کردووە، ئەو گفتوگۆیانە نزیکەی 6 مانگە بەردەوامن."
ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی باسی لە کاریگەری وڵاتانی دیکە کرد و گوتی، "هەموو وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان هەیە، تورکیا، ئێران، سعودیە و ئەمریکاش کاریگەرییان هەیە، ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن لە کاریگەری دەرەکی بەدەر نییە. گەشبینین بەوەی گرێکوێرەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێتەوە و پۆستەکە بدرێتە تورکمان، بەرژەوەندی هەموو لایەنێک لەوەدایە ئەمجارە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتە بەرەی تورکمانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ