رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی هەسەدە و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەچنە دیمەشق و لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆدەبنەوە.
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ عەمید زیاد عایش، نوێنەری سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی 29ـی 1، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەچنە دیمەشق."
ئەحمەد هیلالی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە عەمید زیاد عایش، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەسعد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆببنەوە.
رێککەوتننامەی 29ـی کانوونی دووەم لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی نوێی سووریا لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کراوە.
ئەم رێککەوتنە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە قەیرانی سووریادا دادەنرێت، کە ئامانج لێی یەکخستنەوەی خاکی سووریا، دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا.
ئەم سەردانەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ دیمەشق، یەکەمین سەردانی فەرمیی بەرپرسانی باڵای رۆژئاوای کوردستان و هەسەدەیە بۆ دیمەشق دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا، بە مەبەستی تاووتوێکردنی هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ