عێراق لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ پێکدەهێنێت و داوای نوێنەر دەکات

14-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ داڕشتنی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان پێکبهێنێت. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات نوێنەری خۆیان بۆ ئەم لیژنەیە دیاری بکەن.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی "زۆر بەپەلە" کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و لە 8ی ئەم مانگە دەرچووە، ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە رەزامەندی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێناوە. ئەندامانی لیژنەکەش نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، داد (فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە)، کشتوکاڵ و پارێزگای کەرکووک دەبن.
 
ئەرکی سەرەکی ئەم لیژنەیە، وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەی رێنماییەکانە بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2025، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان.
 ماددەی چواری یاساکە ئەنجوومەنی وەزیران پابەند دەکات بە دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.
 
لەمبارەیەوە، عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی ئایاری 2025) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پێکهێنانی لیژنەکەی بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبرد و رایگەیاند کە دەرکردنی رێنماییەکان پێدەچێت چەند مانگێکی بوێت.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی گوشار کردەوە، بۆئەوەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە زووترین کات نوێنەری خۆیان بۆ لیژنەکە دیاری بکەن و لیژنەکە دەستبەکاربێت.
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێشبینی کرد رێنماییەکان تاوەکو وەرزی چاندنی ساڵی داهاتوو ئامادەبن و بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
دوای چەندین جار دواخستن بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە، پەرلەمانی عێراق لە 21ی کانوونی دووەمی 2025 پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان پەسند کرد و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی رێنمایی جێبەجێکردن، یاساکە جێبەجێ نەکراوە.
 
ئەم یاسایە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس دەستیان بەسەردا گیرابوو، بە تایبەتی کاریگەری لەسەر نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی کورد و تورکمان لە کەرکووک هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە