رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی شاری دێرسمی باکووری کوردستان بە گەرمی پێشوازی لە بڕیارێکی چاوەڕوانکراوی پەکەکە دەکەن سەبارەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری. ئەوان خوازیارن ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ لە شەڕ، پێکدادان و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا.
روومەت جەیلان، دانیشتووی شارەکەیە و دەڵێت، "نزیکەی 45-50 ساڵە ئەم شەڕە بوونی هەیە و پێویستە کۆتایی پێبێت. دەبوو زووتر بچنە قۆناخی چارەسەر، چونکە بەم شێوەیە چیدیکە بەردەوام نابێت. خەڵک لە هەردوولا دەکوژرێن و دایکی هەردوولاش دەگرین. باشترە بەم شێوەیە بێت. هیوادارین لانیکەم قەییومەکان هەڵبگیرێن یان زیندانییەکان ئازاد بکرێن. بێگومان سیناریۆیەک لە پشت پەردەوە هەیە، ئەوان باشتر دەزانن و ئێمەش پشتیوانییان لێدەکەین."
لەنێو دانیشتووانی دێرسمدا، گەنجان یەکێکن لەو توێژانەی کە بە پەرۆشەوە پێشوازی لەم بڕیارە دەکەن و بە هیواوە دەڕواننە ئایندە.
موراد یاڵچن، دانیشتووێکی دیکەی شارەکەیە و باس لەوە دەکات، "پێموایە بڕیارێکی یەکجار دروستە. دەبێت وزە و تواناکانمان بۆ شتی دیکە تەرخان بکەین؛ بۆ داهاتووی منداڵەکانمان، خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی وڵاتەکەمان. ئێمە ماندووبووین و دەمانەوێت ئەو وزەیەی ماومانە بۆ ژیان لە ئاشتی و ئارامیدا بەکاریبهێنین."
هاونیشتمانییان لە دێرسم بە گەشبینییەوە باس لە قۆناخی دوای ئەم بڕیارە دەکەن و چاوەڕوانن هەنگاوی کرداری و دیموکراسی زیاتر ببینرێت.
چایان دەنیز ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەکە لەگەڵ سیستمەکەدایە. دەبێت دژی ئەم سیستمە بووەستینەوە. ئێمە ناتوانین بە چوونە شاخ ئەمە بگۆڕین، بەڵکو دەبێت رێکخستنێکی جەماوەری هەبێت. ئێستا بیرۆکەی چەکدانان بۆ من شتێکی لۆژیکییە و پێویستە."
جان دەمیر باس لەوە دەکات، "لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، زۆر باش بوو کە چەک دانرا، چونکە پێموایە ئەگەر چەک دانەنرێت، زیان بە دەوڵەتیش دەگات. لەم پرۆسەیەدا، بۆ ئەوەی گەنجانمان روو لە خوێندن و پەروەردە بکەن، ئەمە هەنگاوێکی باش بوو و رۆژانی رووناکتر چاوەڕێمان دەکات. باوەڕم وایە نەوەیەکی بەسوودتر بۆ وڵات پێدەگات و منیش پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەم و گەشبینم بە بەردەوامبوونی."
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نێوان پێنج بۆ حەوتی ئایاردا کۆنگرەی 12ـی خۆی بەڕێوەبرد و رۆژی 12ـی هەمان مانگ رایگەیاند، کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارییان داوە.
بەم بڕیارە، پەکەکە تۆپەکەی هاویشتووەتە گۆڕەپانی تورکیاوە، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاوەڕێی هەنگاوی کرداری دەکەن لەلایەن پەکەکەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ