باوکی کچە حەوت ساڵانەکەی هەولێر لە سکاڵاکارەوە دەبێتە تۆمەتبار

14-06-2020
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن هەولێر پۆلیس دەستدرێژی
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەسەر سکاڵای کەسوکاری یەکێک لە دەستگیرکراوەکان و بەتۆمەتی ناوزڕاندنیان، باوکی ئەو کچە حەوت ساڵانەی گوایە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر، دەستگیرکرا. بڕیارە بنەماڵەی دوو کەس کە بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر کچەکە  دەستگیرکرابوون، سکاڵا لە دژی باوکی کچەکە تۆمار بکەن.

سەرەتای رووداوەکە

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشووتری (تۆڕی میدیایی رووداو) بە گوتەی کەسوکاری (لاڤان لوقمان ئیسماعیل) کە ئێستا تەمەنی هەشت ساڵە، رۆژی 3-4-2019 لەلایەن سێ کەسەوە رفێندراوە، دوای ئەوەی بێهۆشکراوە، دەستدرێژی کراوەتەسەر.

پێشتر )لاڤان)ی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی (رووداو) گوتبووی: "ئەو رۆژە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە، ئیبراهیم كە خوشكەزای زڕدایكەكەمە لەگەڵ دوو كەسی دیكە گوتیان لەگەڵمان وەرە دەتبەینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەنێو ئۆتۆمبێلەكە چەقۆیان خستە سەر دەمم، بەزۆر دوو حەبیان دەرخوارد دام و لەهۆش خۆم چووم، دواتر ژنێك منی لەژێر ئۆتۆمبێلێك دۆزییەوە و بردمیەوە لای پوورم".

(لاڤان) هەروەها گوتبووی: "دوای رووداوەكە لە ماڵی پوورمەوە چووم بۆ ماڵی خۆمان، بە زڕدایكەكەمم گوت كە ئیبراهیم وایلێكردووم، بەڵام لێیدام و بە چەتاڵ داخی كردم، گوتی ئەگەر باسی ئیبراهیم بكەی باوكت دەتكوژێت، بۆیە نەموێرا باسی بکەم".

)لوقمان ئیسماعیل) باوكی (لاڤان)یش كە شوفێری بارهەڵگرە پێشتر بە(رووداو)ی راگەیاندبوو: "ساڵی 2010 لەگەڵ (م. ه) هاوسەرگیریم كرد و تەنیا ئەو كچەم لێی هەبوو، بەڵام دەستی لەگەڵ دراوسێیەكی خۆمان تێكەڵكردبوو، بۆیە كە پێمزانی لە ساڵی 2013 تەڵاقم دا، هەر ئەو دراوسێیە مارەی كردەوە و چوون بۆ سلێمانی. ساڵی 2016 دووبارە هاوسەرگیریم لەگەڵ ژنێکی دیکە کرد و كچێكم لە ئەویش هەیە".

باوكی (لاڤان) گوتیشی: "دوای دەستدرێژییەکە تاوەکو چوار رۆژ بارودۆخی تەندروستی کچەکەم ناجێگیر بوو، پشکنینمان بۆ کرد، پزیشك گوتی دەستدرێژی كراوەتە سەری و زۆر ئازاردراوە، منیش سکاڵام لەسەر پێنج کەس تۆمارکرد، کە یەکێکیان هاوژینە تازەکەم بوو، چونكە ئەویش داخی كردبوو و گوتبووشی لەلای كەس باسی بكەی باوكت سەرت دەبڕێت، تۆمەتبارەكانی دیكەش خوشكێکی (ر) بەناوی (ك.ع) و ئیبراهیمی كوڕی و دوو کەسی دیکە کە لەگەڵ ئیبراهیم كچەكەمیان رفاندبوو و دەستدرێژییان كردبووە سەری".

بەگوتەی یەكێك لە پوورەكانی، (لاڤان) پەردەی کچێنی لەدەستداوە، (کاڵی ئیسماعیل) بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای پشکنینی (لاڤان) پزیشکەکە گوتی كە لەپێشەوە و دواوە دەستدرێژی کراوەتەسەر و پەردەی کچێنیشی لەدەستداوە، دواتر كە بردمەوە بۆ ماڵەوە و شۆردم شوێنی ئەشكەنجەدان و داخكردن بە سمت و ران و بەشێكی دیكەی جەستەیەوە دیار بوو، (لاڤان) پێیگوتم كە زڕدایكەكەی وایلێكردووە و بەردەوام لێیداوە و داخی كردووە، تەنانەت چەند جارێكیش هەوڵی خنكاندنی داوە".

پێنج کەس دەستگیر دەکرێن

لەسەر ئەم دۆسیەیە باوكی (لاڤان) سكاڵای لەسەر پێنج كەس تۆمارکرد. پێنج کەسەکە بەپێی ماددەی  393  لە یاسای سزاکانی عێراق دەستگیرکران، بەڵام دواتر بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەریان ئازادکران.

رۆژی 19/2/2020 لوقمان ئیسماعیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوە کرد تۆمەتبارەکان ئازادکراون و لە پۆلیسی هەولێریش هەڕەشەی لێکراوە کە دەبێت دۆسیەکە دابخات، بەڵام رۆژی 20/2/2020 پۆلیسی هه‌ولێر لەبارەی دۆسیه‌كه‌ لە روونكردنه‌وه‌یه‌كدا سەرلەبەری ئەو قسانەی ره‌تکردەوە، ئاماژەش بەوەکرد پەڕاوەکەیان ئامادەکردووە و رەوانەی دادگایان كردووە.

دۆسیە لەسەر کەسێکی دیکە دەکرێتەوە

لەسەر ئەم دۆسیەیە دووجار تۆمەتباران بەهۆی نەبوونی بەڵگە بە کەفالەت ئازادکراون و دەستگیرکراونەتەوە. دوای 10 مانگ لە رووداوەکەش باوکی (لاڤان) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد پاسەوانی بەرپرسی حیزبێک بە ناوی (بەشدار قاسم) کە خێزاندارە و چوار منداڵیشی هەیە دەستی لە تاوانەکەدا هەبووە و یەکێکە لە تاوانبارانی دۆسیەکە و وێنەشی بڵاوکرایەوە، بۆیە ئەویش دەستگیرکرا، بەڵام کەسوکاری دەڵێن دوور و نزیک ئاگاداری دۆسیەکە نەبووە و چەکدار و پاسەوانی هیچ بەرپرسێک نییە.

دیدار قاسم، برای بەشدار قاسم بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بەمەبەست براکەی من تۆمەتبار کراوە، ئەو زانیاریانەش کە لەبارەی براکەم دراوە هەمووی ناڕاستن. براکەم نە چەکدارە و نە پاسەوانی بەرپرسیشە، ئەو ماوەی 10 ساڵە لە کۆمپانیایەک کار دەکات، ماوەی حەوت ساڵیشە هاوسەرگیری کردووە و نەک چوار، یەک منداڵیشی نییە".

لەبارەی پەیوەندی بەشدار بە تۆمەتبارەکانی دیکە، دیدار قاسم دەڵێ: "بێجگە لە براکەم دوو هەرزەکار و دوو ئافرەتیش لەسەر ئەم دۆسیەیە ئێستا لە زیندانن، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەشداری برامەوە نییە و یەکتری ناناسن، پێم سەیرە دوای نزیکەی ساڵێک براکەمیان لەو دۆسیەیە تێوەگلاندووە، رووداوەکە هی مانگی 4ی ساڵی رابردووە، بەڵام لوقمان لە 20-1-2020 سکاڵای لەدژی براکەی من تۆمار کردووە".

دیدار دەشڵێت " لوقمان سەرەتا چووەتە بنکەی پۆلیس، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە و شایەتحاڵ سکاڵاکەیان لێوەرنەگرتووە، بۆیە چووەتە دادگا و لەوێ سکاڵای لە دژی براکەی تۆمار کردووە. رۆژی 26-1-2020 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ براکەم دەرچوو، لە 12-2-2020 پۆلیس ئاگادارکردنەوەی هێنایە ماڵەوە و لە 15-2-2020 بە دەستی خۆم، براکەمم رادەستی پۆلیس کرد، چونکە دڵنیابووم کە ئەو هیچ پەیوەندییەکی بەم دۆسییەوە نییە، بۆیە رۆژی دواتر بە بڕیاری دادوەر و بەهۆی نەبوونی بەڵگە و شایەت بەکەفالەت ئازاد کرا، بەڵام رۆژی دواتر لوقمان دووبارە لە سۆشیالمیدیا کردی بە هەرا و براکەم دەستگیرکرایەوە، لەگەڵ ئەویشدا برایەکی دیکەم بەناوی (دڵدار)، ئەگەرچی هیچ سکاڵایەکی لەسەر نەبوو، دەستگیرکرا و دوای 12 رۆژ ئازادکرا".

بەشدار لە رۆژی رووداوەکە لە کوێ بووە؟

بە قسەی دیدار، بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم بەشدار ئەو رۆژە لە شوێنی تاوانەکە نەبووە.

نوسراوەکەی کۆرەک تیلیکۆم پشتدەبەستێت بە شوێنپێکردنی مۆبایلی کەسی تۆمەتبار و بەو گریمانەی کە کەسی تۆمەتبار لەو رۆژەدا مۆبایلەکەی لای خودی خۆی بووبێت.

دیدار قاسم گوتی: "رۆژی 19/4/2019 وەڵامی کۆڕەک تیلیکۆم هاتووەتەوە بە نووسراوی ژمارە (ت/ 1192/ی) ئاماژە بەوە دەکات لە 31-3-2019 تاوەکو 15-4-2019 هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان بەشدار و تۆمەتبارەکانی دیکەدا نەبووە. بەشدار رۆژی رووداوەکە کاژێر 10:52ی بەیانی لە عەنکاوە و بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر بووە و تاوەکو کاژێر 1:41ی دوای نیوەڕۆ، دواتر چووەتە خواردنگەیەک لەسەر شەقامی 100 مەتری، ئەمە لەکاتێکدایە بەگوتەی باوکی کچەکە رووداوەکە لە گەڕەکی ژیان بووە، بەیانییەکە خۆی کچەکەی بردووە بۆ قوتابخانە، بەڵام بەپێی ئەو نووسراوەی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم براکەم لەکاتی رووداوەکە لە عەنکاوە بووە، کە ماڵی بەڕێوەبەری کارەکەی لەوێیە، دواتر چووەتە ناز ستی، کە ئۆفیسەکەیان لەوێیە، ئینجا چووەتە نشینگەی هەولێر، کە رۆژانە کاری لەوێ هەبووە، دواتر چووەتە چێشتخانەیەک لە دریم ستی بۆ نانخواردن".

باوکی کچەکە دەستگیرکرا

ماوەی دوو رۆژە لوقمان لەسەر سکاڵای کەسوکاری بەشدار دەستگیر کراوە. دیدار قاسم دەڵێت: "لوقمان ناوی براکەم و بنەماڵەکەمانی زڕاندوووە، ناوی هێناوە و وێنەکەشیان بڵاوکردووەتەوە، لە سۆشیالمیدیا چەندین کۆمێنت هاتوون داوای ناونیشانی ئێمە لە لوقمان دەکرێت، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەرمان، بۆیە رۆژی 8-6-2020 سکاڵامان لەدژی تۆمار کرد، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی لوقمان لە رۆژی 12-6-2020 دەستگیرکرا".

کەسوکاری دوو تۆمەتباری دیکە سکاڵا تۆمار دەکەن

کافیە عومەر، خوشکی هاوژینی لوقمان و هەروەها کوڕێکی کافیە بەناوی ئیبراهیم ئیسماعیل وەکو دوو تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە ئێستا لە زیندانن، بەڵام  کەسوکاریان  دەڵێن ئەوان بێتاوانن.

کاروان ئیسماعیل، کوڕی کافیە و برای ئیبراهیم بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لوقمان تۆمەتی بۆ دایک و براکەم هەڵبەستووە و بەبێ هیچ بەڵگە و شایەتێک ئێستا لە زیندانن، دادوەر دوو جار بەبێ ئەوەی ئێمە داوا بکەین بەهۆی بێتاوانییانەوە ئازادی کردوون، هەر جارێکیش ئەوان ئازاد دەکرێن، لوقمان بە هاندان و دەست لەپشتدانی کەسانێکی دیکە سۆشیالمیدیا قسە دەکات و چەند کەناڵێکیش بەبێ وەرگرتنی قسەی ئێمە و پرسیارکردن لە دادگا لەسەر دۆسیەکە، بابەتەکە گەورە دەکەن، دادگاش بڕیاری دەستگیرکردنیان دەدات، ئێستاش هەردووکیان لە زیندانن".

کاروان گوتیشی: "لوقمان چەند جارێک ناوی دایک و براکەی منی هێناوە و ئاشکرای کردووە، ئێستا هەڕەشە لەسەر ژیانمان هەیە و چەندین کەس داوایان لە لوقمان کردووە کە ناونیشانی ئێمەیان پێبدات بۆ ئەوەی هەڵبکوتنە سەرمان و بمانکوژن، بۆیە ئێمەش سکاڵا لەدژی لوقمان تۆمار دەکەین".

راپۆرتی پزیشکی دادی چی تێدایە؟

کاروان بە پشت بەستن بە راپۆرتی پزیشکی دادی دەڵێت: "هیچ ئاسەوارێکی دەستدرێژی سێکسی بەسەر جەستەی (لاڤان)ـەوە نییە، پەردەی کچێنیشی سەلامەتە، لەکاتی دەستدرێژی و لابردنی پەردەی کچێنی دەبێت خوێن هەبێت، بەڵام هیچ خوێنێک بە جەستە و جلوبەرگی (لاڤان)یشەوە نەبووە، بۆیە ئەمە سیناریۆیەکە کە لوقمان دایڕشتووە و بازرگانی بەو کچەوە دەکات".

هەرچەندە لوقمان ئیسماعیل پێشتر رایگەیاندبوو (لاڤان) بەهۆی دەستدرێژییەکەوە پەردەی کچێنی لەدەستداوە، بەڵام (رووداو) لە بەدواداچوونێکدا راپۆرتی پەیمانگای پزیشکی دادوەری هەولێر کە لە رۆژی 8-4-2019 دەرچووە دەستکەوتووە، و تێیدا هاتووە کە (لاڤان) پەردەی کچێنی لەدەست نەداوە و سەلامەتە، بەڵام سووربوونەوەیەک بە کۆمییەوە هەبووە و حاڵەتی دەستدرێژییەکەش تازەیە.

دیدار قاسم، برای بەشدار لەبارەی راپۆرتەکە دەڵێت: "ئەمە خۆی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ناڕاستی قسەکانی لوقمان کە دەیگوت پەردەی کچێنی لەدەستداوە، هیچ ئاسەوارێکی دەستدرێژی بەسەر جلوبەرگی منداڵەکەشەوە نەبیندراوە".

 

راپۆرتی پزیشکی دادی

راپۆرتی پزیشکی دادی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.