رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دەڵێت، یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق بەو شێوەیەی کە رێککەوتنی لەسەر کرابوو، پەسند نەکرا. دەشڵێت هەوڵدان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بووەتە ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای رێوڕەسمی تایبەت بە رێزگرتن لە هونەرمەند خەسرەو جاف، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق بەو شێوەیەی کە ویستی ئێمە بوو و رێککەوتنی لەسەر کرابوو، پەسند نەکرا. هەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراقیشەوە، ئەو بەڵێنانەی کە لەلایەن حکومەت دەدرێن و ئەوەی کە دەیکات دوو شتی جیاوازن.''
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانی 12ی حوزەیران، پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا، بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجە تەرخان کراوە بۆ ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
پارتی لە بەشێکی بڕگەی هەشتی مادەی 14ی یاسای بودجە ناڕازییە، کە لەسەر داوای یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا و بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتانە و لەنێویاندا پارەدارکردن، کە هەندێک لە لایەنە کوردستانییەکان وەکو مەترسییەک بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستانی دەزانن.
گوتەبێژی پارتی پێیوایە، ''وا بە ئاسانی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست ناکرێت، پێشتریش هەوڵی لەو شێوەیە هەبووە، بەڵام کارێکی ئاسان نییە کە بتوانن کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت.''
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
گوتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردەوە، رەخساندنی دەرفەتێک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بووەتە ئەرکی سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ''جووڵەی ئەوان بۆ ئەوەیە لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق، دادگەی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بدرێت کەشێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بڕەخسێت.''
وەک مەحموود محەممەد دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەوڵ دەدات بە ''هەرشێوەیەک'' بێت، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکرێت، ''بەشێوازێک کە خەڵکی کوردستان ببێتەوە خاوەنی پەرلەمانی خۆی.''
بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردن نەکرا، بۆیە رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 06-11-2023 کۆتایی هات.
سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقیش تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاریدا درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی، بابەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو ئەو بڕیارانەی دوای دانیشتنی دادگە دەرکرا، بەگوێرەی بڕیارەکە نایاسایین و هیچ کاریگەرییەکی یاساییان نامێنێت.
زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکی و ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی بە هۆکاری بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا و دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ