رووداو دیجیتاڵ
کەمێک لەمەوبەر، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی بەغدای کرد.
عەلی باقری لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی دیکەوە پێشوازی لێ کرا.
عەلی باقری لەدوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. هەفتەی رابردوو باقری سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە، دوای کردنەوەی بەنداوێک لەسەر سنووری ئازەربایجان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بە هێلیکۆپتەرێک بەرەو شاری تەورێز گەڕانەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی، کە ژمارەیان نۆ کەس بوو، گیانیان لەدەستدا.
دوێنێ پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، عەلی باقری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی کۆبووەوە، دواتر ئەمڕۆ هەینی، گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی دیکەوە پێشوازی لێکرا. بڕیارە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی سلێمانیش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ