رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ ژمارەیەک هاونیشتمانی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گیریانخواردبوو و داوای هاوکارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، رووداو داواکەی گەیاندن و حکومەتیش دەیانگەڕێنێتەوە.
مستەفا عەبدولستار، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەیە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سوپاس بۆ خوا دوای هەوڵ و ماندووبوونی کەناڵی رووداو لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، توانرا کێشەی نەبوونی تیکت، ڤیزە و گواستنەوەمان بۆ چارەسەر بکرێت".
زۆرینەی ئەو هاونیشتمانییانە بە ترانزێت چوونەتە تورکیا، واتە ڤیزەی چوونە نێو تورکیایان نییە و ناچاربوون یان بگەڕێنەوە ئەو وڵاتەی گەشتیان لێوە کردووە یان لە تورکیا چاوەڕێی گەشتی ئاسمانی بن.
دوێنێ رووداو دەنگی هاونیشتمانییەکانی گەیاندە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەمان رۆژ بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ داواکاری هاونیشتمانییان دەکەن و ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن".
مستەفا عەبدولستار دەڵێت: "لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە ڤیزەمان بە ئۆنلاین بۆ وەرگیراوە، بە فڕۆکە دەچینە شرنەخ لە باکووری کوردستان و دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان پاسی بۆ دابینکردووین بۆ ئەوەی بگەینەوە هەولێر؛ رووداو دەنگمانی بە حکومەت نەگەیاندبووایە، هاتنەوەمان زەحمەت دەبوو".
بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانە لە وڵاتانی، تونس، مالیزیا و چەند وڵاتێکی دیکەوە چووبوونە تورکیا و بە نیاز بوون بە ترانزێت بگەڕێنەوە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بووە هۆی داخستنی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕووی هەموو فڕۆکەیەکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ