رووداو دیجیتاڵ
لە میسر زیاتر لە 190 کەس و لە قەتەریش 13 هاونیشتمانی بەهۆی داخرانی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و داوای هاوکاری دەکەن. بەرپرسێکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر ئەمڕۆ بەدەم داواکەیانەوە دەچن.
رەیان محەممەد، دانیشتووی قەزای ئاکرێیە و ئێستا لە فڕۆکەخانەی قاهیرەیە لە میسر. ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە لە فڕۆکەخانەین، بەڵام هەموومان بەهۆی نەمانی گەشتەوە گیرمانخواردووە".
ئەو هاونیشتمانییانەی لە فڕۆکەخانەی قاهیرەن، نزیکەی 100 کەسیان بڕیاربووە دوێنێ بگەنەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی؛ زیاتر لە 90 کەسیشیان بڕیاربووە ئەمڕۆ بگەنەوە هەولێر.
رەیان محەممەد دەڵێت: "داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکەن بە وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا یان سعودیە بۆمان، بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ئەوێ و لەوێوە بە ئۆتۆمبێل بگەڕێینەوە".
لە قەتەریش 13 هاونیشتمانی لە دوێنێوە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانن. یەکێکیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکات بۆ گەڕانەوە، دۆخمان خراپە و هیچ رێگەیەکی گەڕانەوەمان نییە".
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە دەرەوە گیریانخواردووە لیژنەیەک پێکهاتووە و بەدەم داواکانیانەوە دەچین".
دوێنێ ژمارەیەک هاونیشتمانی بە هەمان هۆکاری نەمانی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ گیریانخواردبوو. دوای ئەوەی رووداو دەنگی گەیاندنە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "کێشەکەیان چارەسەر کراوە و ڤیزە و تیکتیان بۆ ئامادەکراوە".
ئەو کەسانەی لە تورکیا گیریانخواردبوو، ئەمڕۆ بە فڕۆکە دەبرێنە شرنەخ لە باکووری کوردستان و لەوێشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی بۆ دابینکردوون بیانگەیێنێتەوە هەولێر.
بەرپرسەکەی حکومەت لەبارەی داواکاری هاونیشتمانی گیرخواردوو لە میسر و قەتەر گوتی: "هەر ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوە دەکرێت و چی بکرێت بۆ گەڕانەوەیان دەیکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ