رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی دواخران، بەڵام لە شاری کەرکووک ئەمڕۆ تاقیکردنەوە دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە سنوورەکە دەڵێت، 5000 قوتابیی خوێندنی کوردی تاقیکردنەوە دەکەن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی پۆلی 6ی ئامادەیی لە شاری کەرکووک دەستیپێکرد."
شەوی رابردوو، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی 12ی بۆ هەفتەیەک دواخست.
پۆلی 12ی ئامادەیی کە لە کەرکووک 6ی ئامادەیی پێ دەگوترێت، ئەمڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەیان لە شارەکە هەیە. کامەران عەلی دەڵێت، "لێرە هیچ تاقیکردنەوەیەک دوانەخراوە و ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکە دەستیپێکردووە."
لە تاقیکردنەوەی 6ی ئامادەیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، نزیکەی 5000 قوتابیی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی بەشداری دەکەن.
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، "تاقیکردنەوەکان لە 40 هۆڵدا بەڕێوەدەچن. رۆژانی 1 و 3ی مانگی تەممووز دوایین رۆژی تاقیکردنەوەی زانستی و وێژەیی دەبێت."
بەگوێرەی ئاماری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، زیاتر لە 100 هەزار قوتابیی کورد لە شارەکە کوردی دەخوێنن.
بۆ بەڕێوەبردنی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک، زیاتر لە 8000 مامۆستا و فەرمانبەر هەن و شایستەکانیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ