رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاووڵاتییانی کوردستان لە هەر وڵاتێک گیریان خواردبێت، پێویستە بڕۆن بۆ تورکیا، لەوێ ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ گەڕانەوەیان بە رێگەی وشکانی.
بەشێک لە هاونیشتمانییان لە وڵاتانی جیاواز وەکو چین، سریلانکا، لوبنان، ئازەربایجان، ئوردن، ئیمارات و ئێران پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام بە رێگەی ئاسمانی ناتوانن.
رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، دانەر خالید، کە لە کوالالامپور گیریخواردووە، بە رووداوی گوت: "بڕیار بوو ئەمڕۆ بگەڕێینەوە، بەڵام پێیان گوتین تێکتەکانتان هەڵوەشاوەتەوە و پێویستە چاوەڕێی کردنەوەی گەشتەکانی ئاسمانی عێراق بن تاوەکو 17ـی مانگ، بۆیە ئێمە چەند کەسێکین و لێرە گیرمان خواردووە، جیا لەوەی چەند خەڵکی دیکەی عێراقی زۆری لێیە نزیکەی 30 کەس دەبن."
هاوکات محەممەد عەبدوڵڵا، کە لە سریلانکا گیری خواردووە بە رووداوی گوت: "سبەی کاتی گەڕانەوەمانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچمان بۆ نەهاتووە و ناتوانین بگەڕێینەوە، دەمانەوێت وەکو تورکیا چارەسەرێک بۆ ئێمەش بدۆزنەوە."
شڤان ئەسعەد، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانەی کە لە لوبنان لەگەڵ نۆ کەسی دیکە گیریان بە رووداوی گوت: "لە لوبنان گیرمان خواردووە، کەسیش هیچمان پێناڵێت، داواکارین چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە."
بەرپرسێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لەگەڵ تورکیا هاوئاهەنگیی تەواومان کردووە، هاووڵاتییانی کوردستان لە هەر وڵاتێک گیریان خواردبێت، دەتوانن تێکتی تورکیش ئێرلاین ببڕن و بڕۆن بۆ تورکیا، لەوێ ڤیزەی پێنج رۆژیان پێدەدرێت."
ئەو بەرپرسە گوتی: "دوای گەیشتنیان بە تورکیا، هاوئاهەنگیی تەواو دەکەین و بە پاس دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ئێمەش لەلایەن لیژنەیەک لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل پێشوازییان لێدەکەین."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی 009647508035680 راگەیاندووە، هەر کەسێک کێشەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندییان پێوەبکات.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، ئاسمانی عێراق داخراوە. بەپێی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش کە بۆ رووداو قسەی کردووە، ئەم رۆژانە ئاسمان بە داخراوی دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ