رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەممە دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وەرگرتنی گەنم لە سلێمانی و دهۆک کێشەی بۆ دروستنەبووە.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، بەشێکی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر نەیانتوانی گەنمەکەیان رادەستی سایلۆ بکەن و ناڕەزاییان دەربڕی؛ بۆیە بەهۆی ناڕەزایی جووتیارانەوە وەرگرتنی گەنم لە سایلۆ راگیرا.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە هەولێر، وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە "هیچ کێشەیەکی نەبووە". گوتیشی، سبەی دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لەبارەی ناڕەزایی جووتیارانی هەولێر، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "بە مەبەستی بەدواداچوونی کێشەی ئەو جووتیارانەی کە نەیانتوانیوە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی هەولێر بکەن، پەیوەندیمان بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە کرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم و وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەریان؛ وەڵامیان داینەوە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکدەهێنن".
وەزیری کشتوکاڵ راشیگەیاندووە، بڕیاریانداوە بە هاوکاریی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو لە ئێستاوە ئامار و رووپێوییەکی وردی تایبەت بە جووتیاری "راستەقینە" و رووبەری زەوییەکانیان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی ساڵانی داهاتوو مافی جووتیاران جێگیر بکرێت.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق سنووری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد و رایگەیاند، 500 هەزار تۆن زیاتر وەرناگرن، لەکاتێکدا بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ "زۆر زیاتر" بووە لەو بڕە.
حکومەتی عێراق بۆ هەرتۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار بەبێ رەچاوکردنی جۆرەکەی دەدات، بەڵام ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە، کە هەر تۆنێکی 650 بۆ 700 هەزار دینار دەکات و ئەوەش نیگەرانیی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ