رووداو دیجیتاڵ
منداڵیکی 11 ساڵ لە قەزای خەبات خنکا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان تەرمەکەیان دەرهێناوە.
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 06:00، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ لە قەزای خەبات خنکا". سەرکەوت کاڕەش گوتی، منداڵەکە خەڵکی گوندی جمکە لە نزیک هەولێر و ئاماژەی بەوەشکرد، "تەرمی لەلایەن تیمەکانمانەوە دەرهێندراوە".
خنکانی ئەو منداڵەی هەولێر لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی سێ هاونیشتمانیی دیکە لە سنووری زاخۆ خنکان؛ رائید جەمال هەسن خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکێک لە هاونیشتمانییەکان کاژێر 04:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاوێکدا لە گوندی دۆلا لە سنووری زاخۆ خنکا و تەرمەکەی دۆزرایەوە، هاونیشتمانیی دووەم لە نزیک گوندی باکرما لە زاخۆ لە هەمان کاتدا و لە ئاوێکدا خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، بەڵام کەسی سێیەم کە کاژێر 05:30ـی ئێوارەی لە گوندی بەرەگەورە لە پڕۆژەیەکی ئاودا خنکاوە، تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
سێ هاونیشتمانییەکە دووانیان خەڵکی زاخۆ و ئەوی دیکەشیان خەڵکی قەزای سێمێل بوو لە پارێزگای دهۆک.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 104 کەس لەنێو ئاودا لە هەرێمی کوردستان خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ