نازم دەباغ: دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران

15-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەڵێت، رێککەوتنی تاران و بەغدا بۆ چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان کراوە و دەشڵێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەبێت. 
 
11ـی ئەم مانگە، محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "دوا وادەی عێراق بۆ چەککردنی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی مانگی ئەیلوولە". نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رۆژی شەممە، 15-7-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم رێککەوتنە[ی نێوان عێراق و ئێران] بە هاتنی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ ئێران کراوە و شاندی هەرێمی کوردستانیش بەشداربووە؛ دواتر هەمان شاند لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵ و بەندێک رێكکەوتن".
 
بارەگا و شوێنی مانەوەی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندان. لەبارەی لایەنی جێبەجێکاری خواستەکانی ئێران، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گوتی، "لایەنی بەرپرس لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە هەیە، بەڵام ئێمە نایزانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری ئەوەی بەشێکە لە سیاسەتی ئەمن و ئاسایشی عێراق لە دەرەوە، دەبێت جۆرێک لە پابەندبوونی پێوەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە رێککەوتنانە".
 
نازم دەباغ گوتیشی، ئاگاداری هەڕەشەی ئێران نین لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و باسی لە هەوڵدان بۆ نێوبژیوانی لە نیوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی، لە رابردوودا هەوڵی ناوبژیوانی دراوە، بەڵام ئێستا ئەو ئاگادار نییە. دەشڵێت، "ئێستا زۆرینەی کارەکان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵگەرییەکاندا دەکرێت".
 
محەممەد باقری گوتبووی، "دان بەخۆماندا دەگرین و هیودارین عێراق پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئەو وادەیە ئەو گرووپانە چەکدار بمێنن یان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن، بەهێزتر لە جارانی پێشوو هێرش دەکەین."
 
بەگوتەی محەممەد باقری، حکومەتی عێراق تاوەکو مانگی ئەیلوول بەڵێنەکانی لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارانەوە جێبەجێ نەکات، "ئۆپەراسیۆنی بەهێزتر لە جاران لە دژی ئەو گرووپانە دووبارە دەکەینەوە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە