بۆ رێگری لە بە قەزاکردنی قەرەتەپە 105 واژۆی پەرلەمانتارانی عێراق کۆکراوەتەوە

14-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نیگەرانی و ناڕەزاییەکان دژی بڕیارێک بۆ بە قەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە بەردەوامە و 105 واژۆ دژی بڕیارەکە لە پەرلەمانی عێراق کۆکراونەتەوە. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، سەرۆکایەتییەکان وەڵامی ئەرێنییان نەبێ، لە دادگە سکاڵا تۆمار دەکەن.
 
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "105 پەرلەمانتار واژۆی یاداشتێکمان کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک بەڵگە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتی پلاندانانی عێراقی دەکەین بۆ رەتکردنەوەی بڕیاری بە قەزاکردنی قەرەتەپە".
 
یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سەرۆکایەتییەکان بەدەم داواکەیانەوە نەچن، ئەوە لە دادگە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.
 
هەر ئەمڕۆ، کاروان یاروەیس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، واژۆکان کە "بە دەستپێشخەری و سەرپەرشتی" فراکسیۆنی یەکێتی و هاوئاهەنگی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێکی فراکسیۆنە عێراقییەکان، لەگەڵ یاداشتێکدا ئاراستەی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتی پلاندانانی عێراقی دەکەن.
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "یاداشتەکە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی هەوڵی بە قەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕاندنی ناحیەکانی قەرەتەپە، جەبارە و کوڵەجۆیە لەسەر قەزای خانەقین، کە ئەم هەوڵە پێشێلکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراقە و نابێ دەستکاری سنووری ئیداری و جوگرافی و دیمۆگرافی ئەو ناوچانە بکرێت".
 
لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو کاروان یاروەیس گوتی: "لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەوە ساختەکارییەک کراوە و وەزارەتی پلاندانان لەسەر بنەمای ئەو ساختەکارییە بڕیارێکی دەرکردووە، ئێمەش هەموو بەڵگەکان دەخەیەنەڕوو کە نابێت سنووری ئەو ناوچانە دەستکاری بکرێت".
 
ناحیەی قەرەتەپە، ناوچەیەکی کوردستانییە و سەر بە قەزای خانەقینە. وەزیری پلاندانانی عێراق، لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی داوە.
 
ئەگەر بڕیاری بە قەزابوونی قەرەتەپە جێبەجێ بکرێت، ناحییەکانی جەبارە و کۆکس کە لە سنووری مادەی 140ن و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای کفریی گەرمیانن، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبخرێنە سەر قەزا نوێیەکە.
 
بە قەزاکردنی قەرەتەپە، پەسندکردنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و مەرسوومی سەرۆکایەتی کۆمار پێویستە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵ دەدەن پێش تەواوبوونی رێکارەکان بڕیارەکە هەڵوەشێننەوە.
 
هەر لەو بارەیەوە، 02ـی تەمموز، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەقەزاکردنی قەرەتەپە "یارمەتیدەر دەبێت لە وەبەرهێنانی تواناکانی ناوچەکە، زیادکردنی داهات، رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.. بڕیارەکە لەگەڵ سەرجەم پێوەرە ستانداردەکانیش یەک دەگرێتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.