رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمشەو لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە. سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت، درۆنەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار شەوی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هێرشەکەدا هیچ زیانی گیانی نەبووە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بە رووداوی گوت: "دوو درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە".
بەگوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، "درۆنێکی دیکەش چووەتە ئاسمانی ناوچەکە و دواتر دیار نەماوە، پێدەچێت گەڕێندرابێتەوە شوێنی خۆی".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیانە مادییەکانی هێرشەکە ئاشکرا نەکراون.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە رووداو، لە راگەیێندراوێکدا پەیجی دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 20:20 و 20:25، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
هەر ئەمڕۆ، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ