رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئەمشەو بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتیی خوورمەڵە لە سنووری قەزای مەخموور و و دەڵێت، هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی کە ئەمشەو (14ی تەممووزی 2025) بڵاویکردووەتەوە، "لە کاژێر 20:30 خولەک، کێڵگەی نەوتیی خورمەڵە لە قەزای مەخموور، رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ی نەناسراو کراوەتە ئامانج."
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە "هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و زیانەکان تەنیا ماددی بوون."
بە گوێرەی شانەکە، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دەستدرێژییە."
پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هێرشەکەدا هیچ زیانی گیانی نەبووە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بە رووداوی گوت: "دوو درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە".
بەگوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، "درۆنێکی دیکەش چووەتە ئاسمانی ناوچەکە و دواتر دیار نەماوە، پێدەچێت گەڕێندرابێتەوە شوێنی خۆی".
لە راگەیێندراوێکدا پەیجی دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 20:20 و 20:25، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ