رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، لە مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا هەشت هەزار کەس لە کەمپەکان مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانییان کردووە.
رۆژی دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، پیردەیان جەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی هەشت مانگە نووسینگەی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان کراوەتەوە، بەڵام مانگی شوبات دەست بە مامەڵەکان کراوە و پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت".
بە گوتەی پیردەیان جەعفەر، ئێواران لەلایەن تیمێکی فەرمانگەی دهۆک مامەڵەی کارتی نیشتمانی کەمپەکان جێبەجێ دەکرێت. باسی لەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا 8000 مامەڵەی ئاوارەکان تەواو کراون".
زیاتر لە 20 هەزار ئاوارەی نێوخۆیی عێراق لە کەمپەکان هەن. پیردەیان جەعفەر دەڵێت: "دوای ئەوەی ئاوارەکان فۆڕمەکانیان پڕکردەوە، لە کاژێر 02:00 تاوەکوو 05:00 دەتوانن سەردانی فەرمانگەی دهۆک بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان."
رۆژی 16-12-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا، کردنەوەی نووسینگەیەکی بۆ جێبەجێکردنی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکان لە کەمپی شاریا راگەیاند، بڕیار بوو ئەوکات دەست بە مامەڵەکان بکرێت، بەڵام دواکەوت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شوبات.
رۆژانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی دهۆک، 100 کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان دەردەهێندرێت.
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا 200 هەزار دانیشتووی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین.
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ