رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا لە نێوەڕاستی مانگی ئابداین، هێشتا دیار نییە لەم مانگەدا چەند رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەڵام ئامارەکانی مانگی تەممووز بۆ رووداوی هاتووچۆ بەرزن، تەنیا لەو مانگەدا بەپێی ئەو ئامارەی دەست رووداو کەوتووە، 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 86 کەسیش برینداربوون.
گفتوگۆی زۆر لەسەر زیادبوونی رووداوەکان هەیە، هەندێک بۆ تیژڕۆیی، بەشێکی دیکە بۆ خراپیی رێگەکانی دەگەڕێننەوە.
ئامارەکان چی دەڵێن؟
بەپێی ئەو ئامارەی دەست رووداو کەوتووە، لە ماوەی پێنج ساڵدا لە هەرێمی کوردستان 2740 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. ئامارەکانیش بەمشێوەیەن:
2018: 665 کەس گیانیان لەدەستداوە
2019: 575 کەس گیانیان لەدەستداوە
2020: 432 کەس گیانیان لەدەستداوە
2021: 623 کەس گیانیان لەدەستداوە
2022: 445 کەس گیانیان لەدەستداوە
لە ماوەی پێنج ساڵدا و لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022 لە عێراقیش ژمارەی ئەوانەی بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە 13 هەزار و 404 کەس بوون. زۆرترین گیانلەدەستدان لە ساڵی 2022 تۆمارکراوە.
2018: 2767 کەس گیانیان لەدەستداوە
2019: 2636 کەس گیانیان لەدەستداوە
2020: 2152کەس گیانیان لەدەستداوە
2021: 2828 کەس گیانیان لەدەستداوە
2022: 3021 کەس گیانیان لەدەستداوە
هەرچەندە ژمارەکان لە بەراوردی ساڵدا گۆڕانکارییەکی کەمی تێدایە، بەڵام نەبوونی پلانێکی درێژخایەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو رووداوانە کە سەرەکیترینیان خۆی لە چاککردنی رێگەکانی دەرەوەی شارەکان دەبینێتەوە، لەگەڵ سزای تووند وای کردووە کەمتر ئەو پرسە بکەوێتە بەر لێکدانەوە و چارەسەرکردن و گفتوگۆکردن لەسەری.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن نایشارێتەوە جێهێشتنی رێگەوبانەکان بە نیوەچڵی کاریگەری لەسەر ئەو پرسە هەیە، دەڵێت، ئەو رووداوانەی روودەدەن زیاتر لە رێگە كۆنەكانن نەك نوێیەكان.
سامی قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بە رووداوی راگەیاند، "بەشێكی سەرەكی رووداوەكان لەسەر رێگە نوێیەكان هۆكارەكەی تیژڕۆییە." هەروەها گوتی، "ئەو رێگایانەی ماون ئەگەر تەواویان بكەن ئەوا رووداوی هاتووچۆ زۆر كەم دەبێتەوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ