کوردستان
دابەشکردنی کارەبا بە سیستمی پریپەید، کە کارەبایەکی 24 کاژێریی نیشتیمانییە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ''ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گرانبوونی نرخی کارەبا و سیستمی پریپەید نین و پێمانوایە کە حکومەت لە پلانی زیادکردنی نرخی کارەبادا سەرکەوتوو نەبووە.''
رۆژی دووشەممە، 14-08-2023، ئازاد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، کە تایبەت بوو بە خزمەتگوزاریی یەکەکانی نیشتەجێبوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راشیگەیاند، وەزارەتی کارەبا لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی حوکمڕانیدا، نەیتوانیوە وەکو پێویست کارەبای هەرێمی کوردستان دابین بکات و لە کەرتی کارەباوە خزمەت بە هاووڵاتییان بگەیێنێت.
دابەشکردنی کارەبا بە سیستمی پریپەید، کە کارەبایەکی 24 کاژێریی نیشتیمانییە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە دانیشتووانی یەکە نیشتەجێبوونەکانی لێکەوتووەتەوە کە وەکو ئەزموونێکی نموونەیی لەسەریان تاقیدەکرێتەوە.
پێشتر، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی رێگریکردن لە زێدەڕۆیی، پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبای تاقیکردەوە و زیاتر لە 80%ـی هاوبەشان پێوەری زیرەکیان بۆ بەسترا کە بەردەوام لە هاونیشتمانییان رەخنەی کەمبوونەوەی ئەمپێری کارەبا دەبیسترێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، ''ئەو پڕۆژەیەش وەڵامدەری پارە پەیداکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوو، بۆیە ئێستا سیستمی پریپەیدیان هێناوەتە ئاراوە.''
ئازاد محەممەد جەختی لەوە کردەوە، ئەنجوومەن دوای راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی دەستوور، بڕیارەکەیان بە نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا دەکەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساییەوە هەوڵ بدرێت پڕۆژەکە هەڵبوەشێندرێتەوە، ''ئەرگەر نەشمانتوانی هەڵیبوەشێنینەوە، لە رێگەی یاساییەوە داوای رێکخستنەوەی نرخە دەکەین.''
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیار و رێنمایی هەیە، کاتی دەرکردنیشی، حکومەتی خۆجێی پابەندی دەبێت، ''بۆیە ئەگەر دووبارە لەلایەن وەزارتی کارەباوە بە قسەمان نەکرا، بابەتەکە دەبەینە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجوومەنی پارێزگا و بڕیاری خۆمان کە تایبەت دەبێت بە کەمکردنەوەی نرخی کارەبای یەکەکانی نیشتەجێبوون، دەنێرین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.''
هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 7000 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام 3800 بۆ 4000 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت؛ خواست لەسەر کارەباش بۆ سەرووی 5000 مێگاوات زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ