رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدان و دەشڵێت، "گەشبینم کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەگەینە ئەنجامی باش،" داواش دەکات بەغدا ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پرسە سیاسییەکانەوە نەبەستێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاریی "کۆڕنیشی دەلال" لە زاخۆ گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند؛ "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 170 پرۆژە جێبەجێکراون و دەمانەوێت لە داهاتوودا کۆمەڵێک پرۆژەی دیکەش جێبەجێ بکەین، دروستکردنی شەقامی 60 مەتری یەک لەو پرۆژانەیەوە و بە درێژایی رووباری خابوور بەردەوامدەبین لە دروستکردنی شەقامی کۆرنیش. هاوکات نیازمان هەیە بەنداوی زاخۆ کە پڕۆژەیەکی گەورەیە دوای تەواوبوونی دیزاینەکەی، دەست بە جێبەجێکردنی بکەین".
مەسرور بارزانی گوتی: "زاخۆ بۆ ئێمە شارێکی گرنگە، ئەو گرنگییەش تەنیا لەبەر ئەوە نییە شارێکی سەرسنوورە و دەروازەیەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئەوروپا، بەڵکو شارێک بووە کە هەمیشە پاڵپشت بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و لەو پێناوەدا قۆربانی و شەهیدی زۆری داوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە خەڵکی زاخۆی راگەیاند، "من زۆر حەزدەکەم دڵی جەنابی سەرۆک لەخۆم رازی بکەم، هیوادارم ئێوە لە حکومەت رازیبن بۆ ئەوەی دڵی سەرۆک لە ئێمە رازیبێت، گەورەترین شانازی بۆ من ئەوەبووە کە خەڵکی کوردستان پاڵپشتی ئێمەبوون و ئەو پشتیوانییە هێزی پێبەخشین بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەوهەموو گوشارەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت، بوەستینەوە".
مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رایگەیاند: "لەو ماوەیەدا چەند شاندێکمان رەوانەی بەغدا کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پرسی بودجە، بەداخەوە پێشتر چەندین رێککەوتنمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو، بەڵام ئەو رێککەوتنانە وەلانران و دەستکارییان کردن و هەندێک بیروبۆچوونی دیکەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا فەرزکرد".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "سەرباری هەموو ئەوانە ئێمە هەوڵماندا و ئێستاش لە هەوڵداین لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک کە بەرهەمەکەی لە خزمەتی هەموو خەڵکی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان بێت، بەبێ ئەوەی ئێمە سازش لەسەر هیچ دەستکەوت و مافێکی دەستووریی خۆمان بکەین، ئێمە بەردەوامدەبین لە پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانمان و هیوادارین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بگەینە ئەنجامێکی ئاشتییانە و ئەو کێشانەی هەن چارەسەریان بکەین".
لەبارەی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پرسی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "سبەی شاندی ئێمە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی رەوانەکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، هەروەک دەزانن پێشتر گلەیی کرابوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچە نادات یان لە کاتی خۆیدا مووچەی نەداوە، بەڵام هەتاوەکو رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکرابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە هەموو مانگێک مووچەی خەڵکی کوردستانی دابین دەکرد".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا: "ئێستاش ئەو گوشارە لەسەر ئێمە هەیە و رەنگە دیسانیش بۆ ئەوەبێت کە ئێمە واز لە هەندێک مافی دەستووری خۆمان بهێنین، بەڵام هەمووتان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە واز لە مافی دەستووری خۆمان ناهێنین و بە پشتیوانی خەڵک و خودای گەورە، بەردەوامدەبین لە داکۆکیکردن لەسەر هەموو مافەکانمان و گەشبینیشم کە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ دەگەینە ئەنجامێکی باش، حکومەتیش دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بنێرێت و نەیکاتە پرسێکی سیاسی و تێکەڵ بە کێشەی سیاسی نەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ