رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئێسرائیل 9 کەسی دوو بنەماڵە لە گوندێکی سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ دەستبەسەرکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە رووداوی راگەیاند، ئەو 9 کەسە شەممەی رابردوو لە گوندی نەجەوانی شاری سەڵماسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون.
ئەرسەلان یارئەحمەدی گوتی، "ئەوان ئەندامی دوو بنەماڵەی گوندەکەن و پاش دەستبەسەرکردنیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ تاران گوازراونەتەوە."
سەبارەت بە چارەنووسیان، ئەرسەلان یار ئەحمەدی گوتی، دوای 5 رۆژ لە دەستبەسەرکردنیان، هیچ زانیارییەک بە کەسوکاریان نەدراوە.
ناوی دەستگیرکراوەکان، ئەحمەد گوڵستانی، محەممەد گوڵستانی، بێهزاد گوڵستانی، موحسین گوڵستانی، ئیحسان گوڵستانی، مێهران گوڵستانی، فەرزاد مستەفازادە، حەمید مستەفازادە و شۆڕش مستەفازادەیە.
رۆژی سێشەممە، 12-8-2025 سەعید مونتەزرولهودا، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 12 رۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل 21 هەزار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەرکراون.
سەعید مونتەزرولهودا دەڵێت، دوو هەزار و 774 پەنابەری نایاساییشیان لە ماوەی شەڕدا دەستبەسەرکردووە و بە پشکنینی مۆبایلەکانیان دەرکەوتووە 30 کەسیان دژی ئاسایشی ئێران کاریان کردووە.
پێشتر سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندبوو، لە ماوەی شەڕدا نزیکەی دوو هەزار کەس دەستبەسەرکرابوون و بەشی زۆریان لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەریان ئازاد کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ