رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کورد زیاتر لە 28 پۆستی باڵای ئیداری و ئەمنی لە کەرکووک لەدەستداوە. دەشڵێت، پارتی دەیەوێت "شەریک" بێت لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا، نەک تەنیا "بەشداری" بکات.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، کورد پۆستە گرنگەکانی وەک قایمقامی قەزاکانی "ناوەند، دوبز و داقووق"ـی لەدەستداوە، لەگەڵ دەیان پۆستی دیکەی وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، تەندروستی، کۆمپانیای بیناسازی، سایلۆ، نەخۆشخانەی کەیوان، سەرۆکی زانکۆ و لەم دواییانەشدا پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە پشت بەستن بە ئامار، رەخنەی لە دابەشکردنی پۆستەکان گرت و گوتی: "لە کۆی 25 بەشی ناو پارێزگای کەرکووک تەنیا 7ـیان لای کوردە، لە کاتێکدا 14یان لای عەرەبە. لە کۆمپانیای نەوت لە 44 بەش، کورد تەنیا دوو بەشی هەیە، لە بەرامبەردا 28 بەش لای عەرەبە. لە چوار قایمقام، کورد قایمقامی نییە."
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەبارەی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، حەسەن مەجید گوتی: "ئێمە ئەگەر بەشدار بین دەبێ شەریک بین." گوتیشی، پارتی بەهۆی تێبینیی شکڵی و یاساییەوە بەشداریی لە دانیشتنەکەی 18ـی شوبات لە بەغدا نەکردووە.
حەسەن مەجید، رەخنەی لە لێدوانەکانی هەندێک لە سەرکردە سیاسییە عێراقییەکان گرت و رایگەیاند، قسەکانیان "دوورە لە راستییەوە و بۆیان نووسرابوو بیخوێننەوە، چونکە هیچ شارەزاییەکیان لە جوگرافیای سیاسیی شارەکە نییە." داواشی کرد هەرکەسێک دێتە کەرکووک، "بزانێت چۆن قسە دەکات، چونکە ئێرە کەرکووکە و دروشمی ئێمە هەمیشە پێکەوەژیان و یەکدی قبوڵکردن بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ