رووداو دیجیتاڵ
لەنێو شیوەن و گریاندا، ئەمڕۆ تەرمی بەشدار حەسەن گەڕێندرایەوە بۆ کوردستان. بەشدار ئەو گەنجە تەمەن 33 ساڵانە بوو کە رۆژی 27ـی مانگی رابردوو لە کەمپی پەنابەرانی دانکیڕک لە فەرەنسا، بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا.
دایکی بەشدار، ڕەحمەت مستەفا، بەدەم گریانەوە دەڵێت: ''دوو ساڵ بوو لەو جەنگەڵەدا بوو، بەردەوام دەیگوت دایە دێمەوە. چاوەڕێی بووم و ماڵەکەشم بۆ ئامادە دەکرد بۆ ئەو مانگەی کە بڕیاربوو بگەڕێتەوە.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی بنەماڵەکەی، رووداوەکە پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆنەوە هەبووە لەنێوان بەشدار و سێ کەسی دیکەی دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕین کە پێشتر کێشەکە چارەسەر کرابوو.
عەبدوڵڵا حەسەن، برای بەشدار، وردەکاریی رووداوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ''کێشەیان لەگەڵ بەشداری برام هەبوو، بەڵام دواتر ئاشتبوونەوە و خەڵک شایەتی لەسەر دا. کەچی دواتر بەپلان و بە نامەردی لەپشتەوە کوشتیان. کاتێک سەیری تەرمەکەیم کرد، حەوت گولـلەی پێوەبوو. سێ کەس دەستڕێژی گوللەیان لێکردبوو کە هەرسێکیان خەڵکی رانیەن و ناوەکانیان لای ئێمە دیارە.''
بەشدار حەسەن ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بوو بەهیوای گەیشتن بە ئەورووپا لە فەرەنسا مابووەوە. ئەو خێزاندار بوو و باوکی کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵان بوو.
ئەمیرە حەسەن، خوشکی بەشدار، باس لەوە دەکات کە براکەی بەنیازبووە بگەڕێتەوە: ''بڕیاربوو دوو مانگی دیکە بێتەوە، بەڵام نەیانهێشت و جەرگیان سووتاندین.''
بنەماڵەی بەشدار لە کوردستان و فەرەنسا سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمەتباران تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کام لە تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ