لە کەرکووک لە کۆی 26 بەڕێوەبەرایەتی، تەنیا حەوت پۆست لای کورد ماونەتەوە

14-08-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
تەلاری پارێزگای کەرکووک.
تەلاری پارێزگای کەرکووک.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دابەشکاریی پۆستە ئیدارییەکان لە تەلاری پارێزگای کەرکووک کە بە باڵاترین دەسەڵاتی شارەکە دادەنرێت، جارێکی دیکە بووەتە جێی نیگەرانی و مشتومڕی لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان.
 
بەپێی نوێترین ئامارەکان، هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندی پێکهاتەی عەرەبدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای کورد و داواکاریی نوێی لای تورکمان لێکەوتووەتەوە.
 
لە کۆی 26 بەشی سەرەکی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لەنێو دیوانی پارێزگای کەرکووکدا، ئێستا تەنیا حەوت بەشیان لەلایەن بەرپرسی کوردەوە بەڕێوەدەبرێن، لە کاتێکدا 15 پۆست لای پێکهاتەی عەرەبە و چوار پۆستیش پشکی تورکمانە. 
 
ئەم دابەشکارییە ئاماژەیە بۆ پاشەکشەیەکی بەرچاوی کورد لە پۆستە کارگێڕییەکاندا، بەتایبەت کە ژمارەیەکی زۆر لەو پۆستانەی ئێستا لەلایەن عەرەبەوە بەڕێوەدەبرێن، پێشتر لە دەستی لایەنە کوردییەکان و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوون.
 
حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتی، نیگەرانیی خۆی لەمبارەیەوە ناشارێتەوە و دەڵێت: "ئامارەکان دەریدەخەن ڕێژەی کورد لە دامودەزگاکانی کەرکووک هێندە کەم بووەتەوە، ئەگەر ئەوانەشمان لێ وەربگرنەوە، دۆخەکە خراپتر دەبێت. ئێستا کە ئیدارەکە کوردە، ئومێدەوارین پارێزگاری لەو ڕێژەیە بکات کە ماوە، تاوەکو لە دەستمان نەچێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، پێکهاتەی تورکمان کە لە بەشێکی زۆری فەرمانگەکاندا رێژەیان لە کورد زیاترە، هێشتا گلەیی لە پشکی خۆیان دەکەن. ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر لیستی تورکمان، پێی وایە تاکە چارەسەر جێبەجێکردنی هاوسەنگییەکی یەکسانە. ئەو دەڵێت: "تاکە چارەسەر جێبەجێکردنی رێژەی 32٪ بۆ هەر پێکهاتەیەک لە هەموو دامودەزگاکاندایە کە دەبێت لە تەلاری پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەست پێ بکات. باشترین هەنگاو بریتییە لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دروستکردنی باڵانس لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک."
 
ئەم نیگەرانییانە لە کاتێکدایە کە ئەم ساڵ کورد پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک و دوو پۆست لە کۆی پێنج پۆستی قایمقامی شارەکەی لەدەستداوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چارەسەری دۆخەکە بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبەستێتەوە.
 
ئەڵماس فازڵ، بەرپرسی بەشی یاسای مەڵبەندی کەرکووک-حەمرینی یەکێتی، جەخت دەکاتەوە: "یەکەم هەنگاو ئەوەیە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کارا بکرێتەوە و ئەو نوێنەرە کوردانەی بایکۆتیان کردووە، بگەڕێنەوە و بەشداریی کارای ئەنجوومەن بکەن. لەبەر ئەوەی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک دەسەڵاتی گۆڕانکاریی گەورەی هەیە، ئێمە چەند لە ئەنجوومەنی پارێزگا کارا بین، ئەوەندە دەتوانین ئەو پۆستانە بەلای خۆماندا بهێنینەوە."
 
لە ماوەی کەمتر لە هەشت ساڵی رابردوودا، کورد لە کەرکووک 36 پۆستی ئیداریی لەدەستداوە و لە چوار هەلی دامەزراندنیشدا کەمترین رێژەی بەرکەوتووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.