رووداو دیجیتاڵ
لەسەر کاتی یەکەم بارانی سەرتاسەریی ئەم ساڵ، کەشناسان یەک پێشبینی دەکەن و دەڵێن، مانگی 10 دەبێت. دەشڵێن: "پێش کۆتایی ئەم ساڵ پەڵە دەدات و کانیاوەکان دەبووژێنەوە".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسییە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم بارانبارین لە نێوەڕاستی مانگی 10دا دەبێت و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێرەوە دەستپێدەکات".
بەگوتەی ئەو کەشناسە، لە 27ـی مانگی 10 بۆ سەرەتای مانگی 11، "شەپۆلەکان بەتەواوی دێنە ناوچەکانمان و دەبنە بارانی سەرانسەری".
شاڵاو هیدایەت پێشبینیکارێکی دیکەی کەشوهەوایە و ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێدەچێت لە مانگی نۆدا بارانی لاواز و کورت ببارێت، بەڵام، لە مانگی 10 بەدواوە بارانی سەرانسەری دەبارێت و لە مانگەکانی کۆتایی پاییزدا بارانی باشتر دەبارێت".
لەبارەی کاتی پەڵەدانەوە شاڵاو هیدایەت گوتی: "لە نزیکەی 60%ـی هەرێمی کوردستان لە مانگی 11دا پەڵە دەدات و تاوەکو کۆتایی وەرزی پاییز لە تەواوی هەرێمی کوردستان بارانی پێویست بۆ پەڵە دەبارێت".
ساڵی رابردوو لە بەشێکی هەرێمی کوردستان وشکەساڵی راگەیێندرا، بەڵام ئەم دوو کەشناسە دەڵێن: "ئەمساڵ بارانی باش دەبارێت و مەترسی وشکەساڵی نییە".
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی شەپۆلەکانی بارانەوە، کانیاو و بیرەکانی هەرێمی کوردستان دەبووژێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ