رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 80%ـی سوودمەندبووانی پرۆژەی رووناکی، پارەی کەمتر دەدەن بەراورد بەو پارەیەی بە موەلیدەکانیان دەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "25%ـی ماڵەکانی هەرێمی کوردستان، کەمتر لە 430 کیلۆوات کارەبا لە کاژێرێکدا بەکاردەهێنن."
عەزیز ئەحمەد دەڵێت، "نزیکەی 50%ـی ماڵەکان نزیکەی 670 کیلۆوات کارەبا لە کاژێرێکدا بەکاردەهێنن، ئەمە لەگەڵ 86%ـی ماڵەکانی هەرێمی کوردستان، کەمتر لە 1000 کیلۆوات کارەبا لە کاژێرێکدا بەکاردەهێنن."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کردووە، "80%ـی کۆی ماڵەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لە پڕۆژەی رووناکی سوودمەندبوون، پارەی کەمتر دەدەن بەراورد بەو پارەیەی بە موەلیدەکانیان داوە."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی لە پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس.
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس.
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.
پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، رۆژی 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ