ساڵی نوێی خوێندن لە باشووری کوردستان لەنێو پۆل دەستپێدەکات

14-09-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دەستپێکردنی خوێندن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ زەنگی دەستپێکی خوێندنی ساڵی 2021-2022 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لێدەدرێت و قوتابیان لە پۆل وانەکانیان دەخوێنن. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2019، خەرجی هەر قوتابییەک لەسەر حکومەت ملیۆنێک و 400 هەزار دینارە. خوێندنی ساڵی نوێ لە خانەقین دەستیپێکردووە، بەڵام لە کەرکووک دەستیپێنەکردووە.
 
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی پەروەردە خوێندنی ئەمساڵ لەنێو پۆل و بە ئامادەبوونی تەواوی مامۆستایان و قوتابیان دەستپێدەکات، لە هەمانکاتدا بەخێوکاری قوتابییان مافی هەیە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوای خوێندنی ئەلیکترۆنی بکات.
 
ساڵی نوێی خوێندن لەکاتێکدا دەستپێدەکات هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر ماوە، بۆ ئەمەش وەزارەت مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانیشی بەبەستنی ماسک و خۆپارێزی تەواو پابەندکردووە، لەم پێناوەشدا 2 ملیۆن و 500 هەزار ماسک و 50 هەزار پاککەرەوە دابینکراون، ئەوە سەرباری جەختکردنەوە لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە هاوبەشی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدی ئاڵا زەنگی دەستپێکردنی خوێندنی لێدا، لە گوتارێکیدا رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت گرنگیی زۆر بە کەرتی پەروەردە بدەن، بە قوتابیانیشی گوت، "ئێوە ئاییندەی گەلەکەمانن و بە پەروەردەیەکی دروست دەتوانن ئاییندەیەکی باشترمان بۆ بنیات بنێن."

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی مامۆستایانی کرد کە سەبری زۆریان هەبووە، گوتی، "هیوادارم بەردەوام بن بۆ ئەوەی خوێندن بەردەوام بێت."

داوای مەسرور بارزانی لە پەرلەمانتارانی داهاتووی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئەوەبوو کە داکۆکی لە مافەکانی کورد بکەن و گرنگی بە بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە بدەن. 
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "تاوەکو ئێستا رێژەی 35٪ی مامۆستایان ڤاکسینییان وەرگرتووە، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا کە خوێندن دەستپێدەکاتەوە بەڕێککارەکانی خۆپارێزی لە بەستنی ماسک دەبێت، ئەو بژاردەیەشمان داوەتە بەخێوکاری قوتابی ئەگەر دۆخێکی تایبەتی هەبێت خوێندنی ئۆنڵاین هەڵببژێرێت بەو هیوایەین پاش دابڕانێک ناوەندەکانی خوێندنی ئێمە پڕۆسەیەکی خوێندنی ئاسایی بەخۆیانەوە ببینن".
 
پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەبەشداریی زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار قوتابی و 162 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە 7 هەزار و 145 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دەستپێدەکات.
 
بەپێی ساڵنامەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ هەفتەی یەکەمی خوێندنی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی لەدەستچووی ساڵی خوێندنی 2020-2021ی تەرخانکردووە، قەرەبووەکە قۆناخەکانی (2-3-4-5-6-8-9)ی بنەڕەتی لەگەڵ قۆناخی 11ی ئامادەیی دەگرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەکان ئەو بەشەوانانەی دیاریکردووە کە پێویستە لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیە بخوێندرێن.
 
سابیر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر دەڵێت "سەرەتای دەستپێکردنەوەی خوێندن دەبێت مامۆستایان پرۆگرامەکانی ساڵی رابردووی خوێندن بۆ قوتابیان دووبارە بکەنەوە بەپێی ئەو بابەتانەی بۆیان دیاریکراوە، داوا لە کارگێڕی قوتابخانەکان دەکەین کتێبی ئەو قۆناخەیان بدەنێ کە هی ساڵی پێشووە نەوەک ئەوەی ئێستا پێیگەیشتوون تاوەکو ئەو مانگە تەواو دەبێت لە پاشان دەکرێت کتێبی قۆناخی نوێیان پێبدرێت، بۆ ئەوەی مامۆستایان بەوردی کار لەسەر دووبارەکردنەوەی ئەو بابەتانە بکەن کە پێویستە بۆ قوتابیان تاوەکو ئامادەبن بۆ قۆناخی پاشتریان".
 
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2021-2022 بڕیارە رۆژی 10ی ئایاری 2022 تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم دەستپێبکات، نزیکەی 40 رۆژیش پشووی بۆنە و یادەکان دەبێت.

 

 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردە ژمارەی قوتابیان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 815 هەزار قوتابی، لەو ژمارەیە 1 ملیۆن و 715 هەزار قوتابی لە قوتابخانەی حکومی دەخوێنن و 90 هەزار قوتابیش لە قوتابخانە ناحکومییەکانن واتە ئەهلی.
 
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە 162 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە قوتابخانە حکومییەکانن و لەگەڵ 10 هەزار مامۆستاش لە قوتابخانە ناحکومییەکان وانە دەڵێنەوە. هەر سەبارەت بە مامۆستایان بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە 21 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن.
 
سەبارەت بە ژمارەی قوتابخانەکانیش بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی پەروەردە 6 هەزار و 700 قوتابخانەی حکومی هەن، لەگەڵ 445 قوتابخانەی ناحکومی. بەڵام ژمارەی قوتابخانەکان بەراورد بە ژمارەی قوتابیان کەمە و وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە 3،000 باڵەخانەی دیکەی خوێندنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسیی عێراق: پێشبینی دەکەین شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە

پێشبینی دەکرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، بڕێکی باش باران ببارێ و لە چەند ناوچەیەکیش بەفر ببارێ.