عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئیسلامی دیموکراسی دەتوانێ بۆ برینەکان شیفا بێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)  لە یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا لە ئامەد خوێندرایەوە کە تێیدا دەڵێ، "ئیسلامی دیموکراسی" دەتوانێت شیفا بێت بۆ برینەکان. ئۆجەلان ئاماژە بەوەش دەکات، چارەسەری قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوەڕۆکە دیموکراسیییەکەی "بەڵگەنامەی مەدینە"دایە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا لە ئامەد بە دروشمی (لە ئیسلامی دیموکراسییەوە بەرەو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) دەستی پێکرد.
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەی دا رایگەیاند، ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت و ئیسلامی گرووپەکان لە کرۆکی ئیسلام دوورکەوتوونەتەوە و داوای لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان کرد بگەڕێنەوە بۆ گیانی (بەڵگەنامەی مەدینە). 
 
ئۆجەلان سەرنج دەخاتە سەر بنەما سەرەکییەکانی ئیسلام و دەڵێ، سەرمایەداری ئەم سەردەمە وای کردووە بەشێک لە دەسەڵاتداران، ئایین وەک ئامرازێک بەکاربێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئیسلام لە گەوهەردا ئاینی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانییە. ئیسلامی دەوڵەت یان گرووپەکان کە سەرمایەداری مۆدێرنیزم کردوونی بە ئامرازی دەسەڵات و سەرچاوەی تاڵانکردن، ئەم گەوهەرەیان لەدەستداوە. ئیسلامی دیموکراسی گەڕانەوەیە بۆ گیانی بەڵگەنامەی مەدینە." 
 
بەڵگەنامە یان پەیماننامەی مەدینە کە بە دەستووری مەدینەش دەناسرێ، بە یەکێک لە دێرینترین دەستوورە نووسراوەکانی مێژوو دادەنرێ کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، پێکەوەژیان و سەروەریی یاسا نووسراوە.
 
دەستوورەکە لە ساڵی 662ی زایینی، دوای کۆچکردن لە مەککەوە بۆ مەدینە، لە لایەن محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) راگەیێندرا کە ئامانج لێی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان هۆز و ئایینە جیاوازەکانی شاری مەدینە و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکخراو لەسەر بنەمای دادپەروەری و پێکەوەژیان بوو.
 
ئۆجەلان بەڵگەنامەی مەدینە وەک گرێبەستی پێکەوەژیانی گەلان و باوەڕە جیاوازەکان ناودەبات و شرۆڤەیەکی جیاواز بۆ چەمکەکانی (شوورا) و (جیهاد) لە ئیسلامدا دەکات.
 
پەیماننامەی مەدینە موسڵمان، جوو و دانیشتووانی دیکەی مەدینەی دەگرتەوە. گرنگترین بەندەکانی بریتیبوون لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بە موسڵمان و ناموسڵمانەوە و رێزگرترن لە ئایینەکانی دیکە؛ پاراستنی ئازادیی ئایینی و رێگەدان بە جووەکان لە پەیڕەوکردنی بیروباوەڕی خۆیان؛ پێکەوەکارکردنی موسڵمانان و ئایینەکانی دیکە بۆ بەرگریکردن لە مەدینە بەرامبەر هەر هێرشێک؛ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بە دادپەروەری و قەدەخەکردنی ستەم و دەستدرێژی. 
 
ئۆجەلان گوتی: "پێویستە بزانرێ کە جیهادی راستەقینە، ئەو تێکۆشانەیە کە بە رەخنەگرتنێکی بەردەوام لە خود و لە ستەم بەڕێوەدەچێ. تێگەیشتنی شووراش لە ئیسلامدا بە واتای ژیریی بەکۆمەڵ و بڕیاردانی دیموکراسییانە دێت. با ئیسلام نەکەینە ئامرازی سیاسیی دەوڵەت و هیچ گرووپێکی دیکە، بەڵکو بیکەینە خزمەتی ژیانی ئازادی کۆمەڵگە." 
 
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسلامی دیموکراسی "جێگرەوەیەکی شارستانی"یە کە ئازادیی ژن و هاوسەنگیی ژینگەیی لە سەنتەردا داناوە و پەیامەکەی بەم وشانە کۆتایی پێهێنا: "تەنیا ئەم شرۆڤە دیموکراسییانەیە دەتوانێ شیفا بێت بۆ برینە خوێناوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەم چوارچێوەیەدا، هیوادارم گفتوگۆکانتان خزمەت بەو پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراسی بکات کە دەستمان پێکردووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە