رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە شەش مانگدا 230 منداڵ لەسەر شەقامەکان تۆمارکراون، کە رۆژانە داهاتێکی باشیان دەستدەکەوێت. دەشڵێت: "60%ـیان هەژار نین و بەشێکیان بە ئۆتۆمبێل دەهێندرێن."
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا تیمەکانیان کە لە 23 توێژەر پێکهاتوون، بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ منداڵانی سەر شەقام لە هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە و دەرکەوتووە 230 منداڵ لەسەر شەقام و ترافیک لایتەکان کار دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی دارایی ئەو منداڵانە، یوسف چاوشین گوتی: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان، 60٪ـی ئەو منداڵانە لە خێزانی هەژار نین و دۆخی داراییان مامناوەندە، واتە لە ناچاری کار ناکەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە "70٪ـی منداڵەکان ئاوارە و پەنابەرن."
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکیی بنبڕنەبوونی دیاردەکەی بۆ "داهات" گەڕاندەوە و گوتی، "ئەو منداڵانە رۆژانە زیاتر لە 20 هەزار دینار پەیدا دەکەن"، ئەمەش وایکردووە خێزانەکانیان هانیان بدەن یان رێگرییان لێ نەکەن.
یوسف چاوشین گوتی: "98٪ـی ئەو منداڵانە دایک و باوکیان هەیە و بێسەرپەرشت نین، تەنانەت حاڵەت هەیە بە ئۆتۆمبێل دەهێندرێنە سەر شەقامەکان و بە گرووپ کاریان پێدەکرێت، بۆیە بابەتەکە بووەتە بازرگانی."
لەبارەی چارەنووسی ئەو منداڵانەی لە خانەکان گەورە دەبن، یوسف چاوشین رایگەیاند: "بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر منداڵێکی خانەکان تەمەنی ببێتە 18 ساڵ دادەمەزرێندرێت و تاوەکو ئێستا 8 کەس لە هەولێر دامەزراون."
هەروەها روونیکردەوە کە بۆ کچانی بێسەرپەرشت کاتێک تەمەنی یاسایی تەواو دەکەن، شەڵتەرێکی تایبەت لە هەولێر کراوەتەوە؛ بۆ کوڕانیش ئەگەر خوێندن تەواو بکەن دەتوانن بمێننەوە، یان هاوکاری دەکرێن بۆ ئەوەی ژیانێکی سەربەخۆ دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ