چیرۆکی ئەو گەنجانەی خانەی نەوجەوانان بەجێدەهێڵن؛ کچان چۆن دەچنە نێو کۆمەڵگە و ژیانی نوێ؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
چیرۆکی ئەو گەنجانەی خانەی نەوجەوانان بەجێدەهێڵن
چیرۆکی ئەو گەنجانەی خانەی نەوجەوانان بەجێدەهێڵن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی 21 ساڵی تەمەنی لە نێو خانەی نەوجەوانانی هەولێر بەسەر برد، ئێستا گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ خۆی بۆ ژیانێکی نوێ و ماڵێکی نوێ ئامادە دەکات. ئەو لە تەمەنی 3 ساڵییەوە چارەنووسی کەوتووەتە ئەو خانەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە ماڵئاوایی لەو شوێنە بکات کە ساڵانێکی درێژ پەناگەی بووە.
 
ئەو گەنجە کە یەکێکە لە دەرچووانی خانەکە، باس لە قۆناخی دوای 18 ساڵی دەکات و دەڵێت: "یاساکە دەڵێت کاتێک تەمەنت دەبێتە 18 ساڵ دەبێت لێرە بڕۆیت، بەڵام کارمەندانی خانەکە زۆر یارمەتیدەرن. داواکارم دوای ئەو تەمەنە شوێنی مانەوەمان بۆ فەراهەم بکرێت، چونکە ناکرێت دوای ئەو هەموو پەروەردە و خزمەتە، بەیەکجاری دەستمان لێبەردەن."
 
چیرۆکی دەرچووان تەنیا پرسی جێهێشتنی شوێنەکە نییە، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێیە. خانمێکی تەمەن 28 ساڵ کە بەهۆی میهرەبانیی بەڕێوەبەرانی خانەکەوە تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی ماوەتەوە، باس لەو ترس و دڵەڕاوکێیە دەکات کە کاتی چوونە دەرەوەی هەبووە.
 
خانمێک دەڵێت: "زۆر سترێس بووم، بەتایبەت کە کچ بووم و نەمدەزانی چۆن ماڵ دابنێم و بژیم. دەیانگوت ئاسایش ماڵ نادات بە کچێک کە بە تەنیا بژی، ئەوە گەورەترین گرفتی من بوو."
 
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان سێ خانەی نەوجەوانان هەن:
 
هەولێر: 65 منداڵ (لە تەمەنی یەک رۆژییەوە تاوەکو 18 ساڵی)
سلێمانی: 61 منداڵ
دهۆک: 25 منداڵ
 
لە خانەی هەولێر ئێستا کچێک و کوڕێک تەمەنیان لە 17 ساڵ تێپەڕیوە و نزیکن لەو تەمەنە یاساییەی کە دەبێت خانەکە بەجێبهێڵن.
 
شێروان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی کوڕانی خانەی نەوجەوانانی هەولێر، پێشنیازێکی بۆ حکومەت هەیە و دەڵێت: "پێویستە وەزارەتی شارەوانی و کەرتی وەبەرهێنان لەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی دروست دەکرێن، بەپێی یاسا شوقەیەک یان شوێنێکی تایبەت بۆ دەرچووانی چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخان بکەن تاوەکو دوای دەرچوونیان بێ ماڵ و حاڵ نەمێننەوە."
 
وەزیری کار: رێگەمان نەداوە کەس بکەوێتە سەر شەقام
 
یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی ژمارە 126ی ساڵی 1980، رێگە دەدات منداڵ تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی یان تاوەکو کۆتاییهێنان بە پۆلی 12 لە خانەکە بمێنێتەوە. بەڵام کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان نەرمییان نواندووە.
 
کوێستان محەمەد دەڵێت: "نەمانهێشتووە هیچ گەنجێکی 18 ساڵ بکەوێتە سەر شەقام؛ یان لەڕێگەی خێرخوازانەوە شوێنی نیشتەجێبوونمان بۆ دابین کردوون، یان لە هەر پارێزگایەک بەشێکی تایبەتمان بۆ جیاکردوونەتەوە تاوەکو تێیدا بژین."
 
ئەم گەنجانەی لەنێو خانەکان گەورە دەبن، هەرچەندە حکومەت و خێرخوازان هاوکارییان دەکەن، بەڵام گەورەترین خەونیان ئەوەیە دوای جێهێشتنی "ماڵە گەورەکەیان"، سەرپەنایەکی جێگیریان هەبێت تاوەکو بتوانن بە سەربەزییەوە دەست بە ژیانێکی سەربەخۆ بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە