رووداو دیجیتاڵ
ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان.
ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، لە گوتارێکی ڤیدیۆیی دا کە لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاریی لیژنەی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق لە شاری تەبقە پێشکێشی کرد، گوتی: "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی دا بگونجێت."
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتن لە دروستکردنی دیدگەیەکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق دا هەیە سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سرووشتییەکانی هەموو سوورییەکان.
هەروەها روونیکردەوە، هەندێک بابەتی دەستووری هەن، کە پێویستییان بە کاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە هەموو سووریا بگرێتەوە. مەزڵووم عەبدی گوتی: "پێمانوایە چارەسەر لە سووریا دا دەبێت لامەرکەزی بێت و دەمانەوێت دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، خۆیان ناوچەکانیان لە چوارچێوەیەکی دەستووری دا بەڕێوەببەن."
مەزڵووم عەبدی جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی وەکو یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمەکە کردەوە و گوتی: "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی هەموو خواستەکان بێت."
ژەنەراڵ عەبدی ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی راوبۆچوونەکان لەگەڵ دیمەشق لەسەر بابەتە سەرەکییەکان کرد و هیوای خواست لە ماوەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەموو پرسەکان.
سەبارەت بە چارەنووسی فەرمانبەرانیش، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، مافی هەموو فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پارێزراو دەبێت و گوتی: "لە داهاتوودا سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەتی سووریا، ئەمەش بەشێکە لە رێککەوتنی 10ی ئادار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ