سێشەممەی داهاتوو بڕیار لەبارەی دۆسیەی ماریا دەدرێت

14-09-2022
نازەنین گۆران
ماریا سام
ماریا سام
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دووەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی ماریا سام بەڕێوەچوو؛ دایکی ماریا داکۆکی لە یەكێک لە تۆمەتبارەکان دەکات، کە برای ماریایە و دەڵێت، بکوژی کچەکەی نییە. پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، سێشەممەی داهاتوو دادگە دوایین بڕیار لەبارەی دۆسیەکە دەدات.
 
رۆژی چوارشەممە 14-9-2022، دووەم دانیشتنی کەیسی ئیمان سامی مەغدید، ناسراو بە ماریا سام ناسراوە، ئەو ژنەی کاژێر 23:00ی شەوی یەکشەممە 6-3-2022 لە شەقامی 100 مەتری لە نزیک چوار رییانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن براکەی و کەسێکی دیکە کوژرا.
 
هەرێم رەفعەت، پارێزەری کەیسی ماریا سام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 6ی ئادار ماریا کوژرا لە 24ی نیسان دادگەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو کرد و کەیسەکەی رەوانەی دادگەی تاوانی هەولێر کردووە؛ لە 8ی ئایار کەیسەکە گەیشتووەتە دەستی دادگە، ئەوەش جێگای گومانە چونکە دوای کوشتنی ماریا بە مانگ و نیوێک لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە کۆتاییهات، بۆیە ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگە داوامان کرد دادگەییکردنەکە بگەڕێتەوە قۆناخی یەکەم."
 
جگە لە برای ماریا، مامێکیشی بە کوشتنەکەی تۆمەتبارە. هەرێم رەفعەت گوتی: "هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دایکی ماریا سکاڵای لەسەر مامی ماریا تۆمار کردووە."
 
دایکی ماریا، 17 ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، ئەمڕۆ لە دادگە جگە لە دایکی ماریا، کەسوکاری باوکیشی ئامادەبوون، بە گوتەی پارێزەری کەیسی ماریا: "مامەکانی ماریا لە دادگە دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، هەڕەشەیان لە دایکی ماریا کرد."
 
سەبارەت بە بکوژی ماریاش، هەرێم رەفعەت گوتی: "هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن براکەی ماریا ئەو تاوانەی نەکردووە، بەڵکو مامی بکوژەکەیە، ئەمڕۆ براکەشی لە دادگە گوتی من بوومەتە قوربانی."
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو 20-09-2022، دادگە بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەکە بدات. 
 
دوای دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگە، گەردوون محەممەد، دایکی ماریا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "جگە لەوەی کچەکەم لەدەستداوە، کوڕەکەشم بووەتە قوربانی ئەمڕۆش لە دادگە مامەکانی ماریا سووکایەتییان پێکردووم و هەڕەشەیان لێکردم، بەڵام لەوە دڵنیام کوڕەکەم بکوژ نییە، ئەگەر بکوژیش بێت ئەوە کەسێک پێیکردووە."
 
گەردوون محەممەد رەتیکردەوە ماریا لە ماڵ دەرکرابێت و گوتی: "بەڵگەم هەیە، ماریا دەرنەکراوە و بەڵكو دەربەدەرکراوە و لێیانداوە، باوکی ژنی هێناوە و مامەکانی دەیانبرد و لای ئەوان بوو و تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرد، ئەوان منیان لە پێش چاوی ماریا کردبووە دوژمن، هیچ کەسیش نایەوێت لەگەڵ دایکێکی خراپ بێت، بۆیە ئەویش لای من نەدەمایەوە."
 
دایکی ماریا لە پێش دادگە داوای کرد دادوەر بە دۆسیەی ماریادا بچێتەوە و گوتی: "کوڕەکەم بکوژ نییە، کوڕەکەم مێشکی تێکچووە، ئەو منداڵە." بەڵام نەیشاردەوە کە کوڕەکەی پێشتر چەکی هەڵگرتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا

ئەڵمانیا: سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەین

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانه‌ی کردووە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی به‌ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک.