رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ 680 ملیار دیناری شایستەی گەنمی جووتیارانی عێراق دابەش دەکات، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "لەو 680 ملیار دینارە، 107 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستانە و ئەمڕۆ چەکەکان وەردەگرین."
موسەننا جەبار، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی دارایی عێراق 680 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە، ئەمڕۆش کۆمپانیاکە بەسەر لقەکانی لە پارێزگاکان دابەشی دەکات، بۆئەوەی دەست بە رادەستکردنی چەکەکان بکرێت بۆ پێدانی شایستەی دارایی جووتیاران.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتی، "دوو وەجبەی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران ماوە، چاوەڕێی دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق خەرجی بکات، بۆئەوەی تەواوی شایستەی دارایی جووتیاران لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دابەش بکرێت."
لەوبارەوە، نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەو 680 ملیار دینارە، 107 ملیاری بۆ هەرێنی کوردستانە، نوێنەرمان بۆ بەغدا ناردووە بۆ ئەوەی چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت کە 50 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 32 ملیار دینار بۆ هەولێر و 25 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای دهۆکە."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، ئەمڕۆ چەکەکە دەگات، هەفتەی داهاتوو رەوانەی بانکی دەکەن تاوەکو چەکەکان راستاندنی بۆ بکرێت، ئەویش 72 کاژێری پێویستە، دواتر رێکاری کارگێڕی و دارایی دەگیرێتەبەر، هەر کاتێک پارەکەیان بۆ نێردرا، ئەوانیش رەوانەی بانکەکانی دەکەن، لە رێگەی سایلۆکانەوە چەک دەدرێتە جووتیاران بەپێی رادەستکردنی رۆژی گەنمەکەیان.
بە گوتەی نەوزاد کامیل، تاوەکو ئێستا 285 ملیار دینار لە شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلای بەغدا ماوە.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی 6ی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕە پارەیەی بۆ پێدانی شایستەی جووتیاران تەرخانکرابوو تەواو بووە، چونکە رادەستکردنی گەنم لە سەرووی پێشبنییەکان بوو. لە بنەڕەتدا پێویست بوو تەنیا 4 ملیۆن تۆن گەنم وەربگیرێت، کەچی ئەم وەرزە گەیشتە سەروو 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم؛ بۆیە پارەی تەرخانکراو تەواو بوو."
حەیدەر گەرعاوی گوتی، پێشنیازیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بڕە پارەیەکی دیکەیان بۆ تەرخان بکرێت و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر تریلیۆنێک و 790 ملیار دینار داوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، لەو تریلیۆن و 790 ملیار دینارە نزیکەی 340 ملیار دیناری دابەشکراوە، کە بەشێکی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی دیکەی خەرجکرد، دەست بە دابەشکردنی دەکەن و ئەو دابەشکردنەش بە چوار جار دەبێت.
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، زۆربەی ئەو پارێزگایانەی تائێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە، جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننەنیشینەکانن، بەو پاساوەی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق زووتر گەنمیان وەرگرتووە، بۆیە پارەیان زووتر رادەست کراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاویکردەوە، جووتیاران دوای 24 کاژێر لە رادەستکردنی گەنمەکانیان چەکی پارەکانیان وەردەگرن و لەماوەی 15 رۆژدا پارەیان بۆ خەرج دەکرێت.
جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 500 هەزار تۆن گەنمیان بە بەهای 400 ملیار و 24 ملیۆن و 69 هەزار دینار رادەستی سایلۆکان کرد، بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو بەغدا تەنیا 126 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
پار، بەهۆی وشكەساڵی و کەمیی باران بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو؛ بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، لەکاتێکدا ئەمساڵ بەرهەم زۆر بوو، بۆیە حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی تەنیا لە هەرێمی کوردستان سنووردار کرد و 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ